May 09, 2023 17:07 Asia/Tehran
  • ئیرەوانی: ئێرانییەکان ڕۆڵی ڕۆژئاوا لە یارمەتیدانی سەدام لەبیر ناکەن

ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵوێزی ئێران و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: گەلی ئێران هەرگیز ئەو ڕۆڵە لەبیر ناکات کە هەندێک وڵاتی ڕۆژئاوا بینییان لە یارمەتیدانی ڕژێمی سەدام بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بە شێوەیەکی سیستماتیک لە دژی گەلی ئێران لە کاتی شەڕی سەپێنراوی ڕژێمی بەعس بەسەر ئێران دا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «ئەمیر سەعید ئیرەوانی» ڕۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە دۆسیەی کیمیایی سووریا وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک قوربانیی سەرەکیی چەکی کیمیایی، بە توندی ئیدانەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن هەر کەسێکەوە دەکات، لە هەر شوێنێک و لە ژێر هەر بارودۆخێکدا بێت.

ئیرەوانی بە ئاماژە بەوەی کە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە و پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، ڕوونیشی کردەوە: بەهۆی کردەوە زیانبەخشەکان و دووفاقانە جوڵانەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانێت ئەرکەکانی جاڕنامەی خۆی جێبەجێ بکات لەمەڕ گرتنەبەری ڕێوشوێنی کاریگەر بۆ وەڵامدانەوەی ئەنجامدەرانی ئەو جۆرە تاوانە دڕندانەیە.

نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتیشی: ئێران نیگەرانە لە کەڵکاژۆیی و بەسیاسیکردنی کۆنوانسیۆنەکە و ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی کە بووەتە هۆی ناکۆکی لە نێوان وڵاتانی ئەندام و لاوازبوونی متمانە و شەرعیەتی ڕێکخراوەکە.

ئیرەوانی لە درێژەدا پەیوەست بە سووریاش وتی: دیمەشقیش بە پشتبەستن بە ڕێککەوتننامەکە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ دەکات و بەردەوامە لە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی.

ئاماژەی بەوەشکرد: جگە لەوەش حکومەتی سوریا بە بەردەوامی مانگانە ڕاپۆرت دەداتە بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی.

دیپلۆماتکاری باڵای ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتیشی: ئێران لە دیالۆگێکی بنیاتنەر لە نێوان سوریاو ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لە بەرزترین ئاستدا،بە چوارچێوەیەکی خشتەبەندی کراوی زەمەنی  بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە ماونەتەوە و داخستنی دۆسیەکەی لێ بکوێتەوە، پشتیوانی دەکات.

باڵوێزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاشیگەیاند: ڕوانگەی سیاسی و دووفاقانەی دۆسیەی سوریا تەنیا دەبێتە هۆی لادان لە پرسە تەکنیکییەکانی کارنامەی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی و ڕێگری لە چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی کە ماونەتەوە.

سەرپەیڤ