ته‌مووز 31, 2023 16:36 Asia/Tehran
  • ئەمیرعەبدوڵڵاهیان: بوونی سەربازیی وڵاتانی بیانی لە سوریا چارەسەر نییە

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئاماده بوونی سەربازیی وڵاتانی بیانی له سووریا هیچ یارمەتییەکی سەقامگیری و ئاسایشی ئەم وڵاته و ناوچەکه نادات.

«حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ «فەیسەڵ میقداد» وەزیری دەرەوەی سوریا وتیشی: ئێران لە هەوڵ و پشتیوانییەکانی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایشی ھەمیشەیی لە ناوچەکە بەردەوام دەبێت.

ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وێڕای ئیدانەکردنی هێرشەکانی دووبارەی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر خاکی سوریا ڕایگەیاند: ڕژێمی ئیسرائیل سەرچاوەی سەرەکیی ناسەقامگیری ناوچەکەیە چونکە ئەم ڕژێمە مانەوەی دەستکردی خۆی لەسای شەڕھەڵایساندن لە ناوچەکەدا دەبینێت.

ئەمیرعەبدوڵڵاهیان هەروەها جەختی لە گەڕانەوەی دەستبەجێ و سەلامەتیی پەنابەرانی سووری بۆ ناوچەکانی پێشوویان کردەوەو ئاماژەی بەوەدا کە هەندێک وڵات و لایەنی ڕۆژئاوایی کە ڕێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکەن و بە بودجەی نەتەوە یەکگرتووەکان هانیان دەدەن بۆ مانەوە لە دەرەوەی سوریا ، پێویستە هاوکاریی گەڕانەوەی ئاوارەکان بکەن.

وەزیری دەرەوەی سوریاش ڕایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە نزیکەی ٤٠٠ هەزار تیرۆریست چوونەتە ناو خاکی سوریا و وتیشی: سەربازانی ئەمریکی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سوریایان لە ناوچەی دێرەزوور شەهید کردووەو سوپای تورکیاش بەشێک لە سوریای داگیرکردووە.

وەزیری دەرەوەی سوریا سوپاسی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد و وتی: ئێران هەوڵی زۆری دا بۆ پشتیوانی لە نەتەوەی سوریا لە بوارەکانی ئابووری، نەوت، گاز و یارمەتییە مرۆڤییەکان.

سەرپەیڤ