May 09, 2024 11:15 Asia/Tehran

دوکتۆر سەید کەماڵ خەرازی سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیکی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئێران لە وتووێژێکدا لە گەڵ ئەلجەزیرە جەختی کرد؛ بێتوو هەڕەشە لە بوونی ئێران بکرێ، ئێمەیش ناچار دەبین دوکتۆرینی ئەتۆمیی خۆمان بگۆڕین.

دوکتۆر سەید کەماڵ خەرازی راشکاوانە ڕایگەیاند: بێتوو ڕژێمی زایۆنی وەها هەڵەیەک بکات و زەبر لە دامودەزگە ئەتۆمییەکانی ئێران بدات، پلانی پێشپێگرانەی ئێمەیش دەگۆڕدرێ. ئێمە بەنیازی بەرهەم هێنانی بۆمبی ئەتۆمی نین، بەڵام  بێتوو هەڕەشە لە بوونی ئێران بکرێ، ئێمەیش ناچار دەبین دوکتۆرینی ئەتۆمیی خۆمان بگۆڕین، هەروا کە ئەمدواییە کاربەدەستانی سەربازیی ئێرانیش ڕایانگەیاندووە کە بێتوو ئیسراییل هەوڵ بۆ پەلاماردانی دامودەزگە ئەتۆمییەکانمان بدات، پێداچوونەوە بە سەر دوکتۆرین و پلانە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەین و بەزاندنی سنوورە پێشتر ڕاگەیەندراوەکانیش گونجاو و ئاسایی دەبێ.

 سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیکی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئێران هەروەها سەبارەت بە ڕووداوەکانی غەززە، گۆڕانکاریی ژیۆپۆلیتیک لە ئاستی ناوچەکەی لە ڕێگای ئەم شەڕەوە بە ڕەت کردنەوەی ئەگەری جێبەجێکرانی پلانی دوو دەوڵەتی لە ناوچە فەلەستینییەکاندا، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ئەمریکا ئەگەر بەنیازی ئەوەیە ڕژێمی ئیسراییل بخاتە ژێر گوشارەوە ، دەبێ لە یەکەم هەنگاودا چەک بۆ ئەم ڕژێمە نەنێرێ. زۆر بێ مانایە کە لە لایەکەوە چەک و یارمەتیی دراوی دەخاتە بەردەستی ڕژێمی ئیسراییل و لە لایەکی دیکەشەوە رادەگەیەنێ کە ئەم شەڕە دەبێ کۆتایی پێ بێت. راستییەکەی ئەوەیە کە سیاسەتی ئەمریکا سەبارەت بە فەلەستین هەمان سیاسەتی ڕژێمی ئیسراییلە. 

خەڕازی ئێرانی بە گەلێک سوور و پێداگر زانی لە سەر پاڵپشتی کردنی بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکەدا و بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە هەرکام لە ئەندامانی ئەم بەرەیە بە پێی باروودۆخی ڕۆژ بڕیار دەدەن و بە شێوەیەکی سەربەخۆیانە دەجووڵێنەوە، وتیشی: هێزەکانی خۆڕاگری لە هەر وڵاتێکدا کە هەن دژبەو وڵاتە نین. هێزەکانی خۆڕاگری بەرامبەر بە ڕژێمی ئیسراییل ڕادەوەستن. 

سەرپەیڤ