حوزه‌یران 26, 2024 10:12 Asia/Tehran

باڵوێز و نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش ناسراو بە بەرجام وتی: زەخت و گوشار، ترساندن، هەڕەشەو گوڕەشە و بەرەنگاربوونەوە ڕێگاچارە نییە و لە ئاکامدا هەر چەقبەستوویی بەدواوە دەبێ. تەنیا بژاردەی پراکتیکاڵ بۆ بووژاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران، وتووێژ و هاوکاریی بنیاتنەری سادقانەیە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ ئەمیرسەعید ئیرەوانی لەم کۆبوونەوەیەدا جەختی کرد: سیاسەتی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە قەدەغەی سازکردنی چەکی ئەتۆمی و  هەروەها ویست و ورەی بەهێزی بۆ دەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی بۆ ئامانجی ئاشتیانە ئێستایش هەر بەبێ هیچ گۆڕدرانێک ماوەتەوە. هەروەها پێبەندیی لێبڕشتانەی ئێمە بە دانوستان و دیپلۆماسی پشت راست دەکەمەوە.

دیپلۆماتی باڵای ئێران لە نەتەوە یەک گرتووەکان راشکاوانە رایگەیاند: ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران دەسکەوتێکی دیپلۆماتیکی چەنلایەنە بوو کە زۆر بە سەختی هاتە ئاراوە و بە شێوەیەکی کاریگەر پێشی گرت بە ڕوودانی قەیرانێکی نالەبار.  ئەم ڕێککەوتنە باشترین بژاردەی بەردەستە، هیچ بەدیلی بۆ نییە و بووژاندنەوەشی بە سوودی هەموو ئەندامانیەتی.

ئیرەوانی وتیشی: ئێران بەش بە حاڵی خۆی هەرگیز ڕووی وەرنەگێڕاوە لە دانوستان و هۆگریی راستبێژانەی خۆی نیشان داوە بۆ دەست پێکردنەوەی دانوستان لە پێناو بووژاندەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و ئامادەیشە هەموو بەڵێن و ئەستۆگرییەکانی لە چوارچێوی بەرجام بەجێ بێنێ، ئەو کاتەی کە ئەم ڕێککەوتنە ئەتۆمییە ببووژێتەوە و ئەمریکا و لایەنەکانی دیکەش قبووڵ کەن ئەرک و ئەستۆگرییەکانیان لە کاتی خۆیدا، بە شێوەیەکی کاریگەر، تۆکمە و ڕاستبێژانە لە چوارچێوی بەرجام و بڕیارنامەی ٢٢٣١ بەجێ بێنن. وەها شتێکیش بەڕاستی پێویستی بە ویستێکی سیاسیی ڕاستینەیە. 

سەرپەیڤ