تشرینی یه‌که‌م 02, 2024 01:20 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی هێرشە موشەکییەکانی سوپای پاسداران بۆسەر ڕژێمی زایۆنیستی

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا لەبارەی هێرشە موشەکییەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بۆسەر ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاند :

هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێناو جێبەجێکردنی مافی ڕەوای نووسراو لە بڕگەی پەنجا و یەکی جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و لە وەڵام بە دەستدرێژکارییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لەوانە دەستدرێژی بۆ سەر دەسەڵات و سەروەری وڵاتی ئێران و شەهیدکردنی سەرۆکی مەکتەب سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە تاران کە میوانی فەرمیی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو و هەروەها شەهیدکردنی ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان و سەردار نیلفرۆشان ڕاوێژکاری باڵای سەربازی وڵاتەکەمان لە بەیڕوت ، سێشەممە دەی ڕەزبەری هەزار و چوارسەد و سێی هەتاوی ، کۆمەڵێک هێرشی موشەکیان بە دژی ئامانج و دامەزراوە سەربازی و ئاسایشییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ئەنجام داوە .

لەوبەیاننامەیەدا ڕاگەیەندراوە ، بەکارهێنانی مافی ڕەوا لە لایەن ئێرانەوە لە دوای دانبەخۆداگرتنێکی کاتیی نیشاندەری هەڵوێستی بەرپرسانەی ئێران بەرامبەر بە ئاسایش و ئاشتی ناوچە و نێودەوڵەتییە ، لە کاتێکدا کە کردەوەی ناقانوونی و کۆمەڵکوژی لە لایەن ڕژێمی ئاپاڕتایدی داگیرکەری زایۆنیستیەوە بە دژی گەلی فەلەستین و دەستدرێژکاری سەربازییە پەیتاپەیتاکانی ڕژێم بە دژی لوبنان و سووریا بەردەوامە .

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەدرێژەدا وتیشی: بە پێچەوانەی ڕژێمی زایۆنی کە کەسانی سڤیل و بێتاوان و دامەزراوە و ژێرخانە مەدەنییەکان ، هەمیشە کردۆتە ئامانج ، کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای ئەخلاقی و فێرکاری ئیسلامی و بە ڕەچاوکردنی پێوەرەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی ، تەنیا ئامانج و دامەزراوەی سەربازی و ئاسایشی ڕژێمی زایۆنیستیی بە مووشەک کردۆتە ئامانج .

کۆماری ئیسلامی ئێران بە تەئکید لەسەر بەرپرسایەتی پاڵپشتیکەران و دابینکەرانی دراڤی و چەکوچۆڵی ڕژێمی داگیرکەر بۆ وەستاندنی کردەکانی شێتانەی سەرکردەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و وشداریدان بەرامبەر بە هەر جۆرە خۆتێوەردانی لایەنی تر ، خوازیاری هەنگاوی خێرا و واتاداری ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ ڕێگری لە درێژەی هەڕەشە بە دژی ئاسایش و ئاشتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە لایەن ڕژێمی ئیسڕائیلە.

هەروەها لە کۆتایی دا ڕاگەیەندراوە : کۆماری ئیسلامی ئێران لەکاتی پێویست بۆ بەرەڤانی لە بەرژەوەندی و سەروەری خۆی یەکپارچەیی خاک و دەسەڵاتی ئێران لە هەمبەر هەرجۆرە دەستدرێژکارییەکی سەربازی و بەکارهێنانی نایاسایی هێز ، ئامادەیی تەواوی هەیە و لەوبوارەشدا قەت دڕدۆنگ نابێت.

سەرپەیڤ