ناڕەزایەتیی دەربڕینی ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایش دوابەدوای پەلاماری ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی لارەک
باڵوێز و کارداری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش، پەلاماری ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی لارەک لە کەنداوی فارسی بە تووندی شەرمەزار کرد.
غوڵامحسێن دەرزی، باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستدرێژیی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی لارەکی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند کە ئەو هێرشە دەسدرێژکارانەیە کە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی ئاگۆست ئەنجامدراوە، پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئێران دێتەئەژمار و پێچەوانەی مادەی ٢ بڕگەی چوارەمی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانیشە. هێزی سەربازیی ئەمریکا جارێکی دیکە دەستیان دایە ملهوڕی و زۆرەملێ نواندن و بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر دوورگەی لارەک هەڵکەوتوو لە کەنداوی فارس، ژمارەیەک لە هێزەکانی بەرگری و خەڵکیی مەدەنیی ئێرانیان شەهید و بریندار کرد؛ هەروەها زیانی ماددی زۆر بەر سامانی گشتی و تایبەتیش کەوتووە. ئێرانیش لە چوارچێوی مادەی ٥١ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشی بەرگریکارانە و شیاوی کردە سەر ئەو بنکە سەربازییانەی ئەمریکا لە ئوردۆن، کە بۆ پەلامارە جەنایەتکارانەکانی ئەمریکا و دەستدرێژیەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران بەکارهێنراون.باڵوێز و کارداری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە سکرتێری گشتیی ئەم ڕێکخراوەیە و ئەنجومەنی ئاسایش کرد کە ئەمریکا پابەند بکەن بە ڕاگرتنی دەستبەجێی پەلامارە جەنایەتکارانەکانی و هەموو ئەو کردەوە سەربازییانەی کە مەترسین لەسەر ئاسایشی کەشتیوانی لە کەنداوی فارس و گەرووی هورموز. کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها پێداگری کردووە لەسەر ئەوەی کە وێڕای پێبەند بوونی بە یاسا نێودەوڵەتییەکان، لەپێناو پاراستنی خەڵک، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی خۆی هەنگاو هەڵدەگرێ و وەڵامێکی گورچبڕ و یەکلاکەرەوە دەداتەوە بە هەر دەستدرێژییەکی سەربازی.