ئاب 03, 2023 18:17 Asia/Tehran
  • لێکۆڵینەوەیەکی نوێ: ئەو دایکانەی شیر دەدەنە منداڵەکانیان کەمتر توشی نەخۆشیی شەکرە دەبن

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی یێڵ لەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئەنجامدراوە ئاشکرایکردوە، ئەو دایکانەی شیر دەدەن منداڵەکانیان، پارێزگاریان لەبەرامبەر بەتوشبون بەنەخۆشیی شەکرەی جۆری دوەم بۆ دروستدەبێت.

ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە کە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو لەکۆنفڕانسی Endo 2023 ڕاگەیاندرا دەڵێت،  توێژەران لەتوێژینەوەکەیاندا سەیری ئەو گۆڕانکارییە میتابۆلیزمانەیان کردوە کە لەئەنجامی شیرپێدانەوە دروستدەبێت، لەئەنجامدا بۆیان دەرکەوت ئەو مشکانەی دوای لەدایکبون شیریان پێدراوە، هەستیاری ئەنسۆلینیان باشتر بوە، هەروەک ژمارەی خانە بێتا بەرهەمهێنەرەکانی ئەنسۆلین زیادیانکردوە، بەبەراورد بەو مشکانەی کە شیریان پێنەدراوە.

تیمی توێژینەوەکە بۆچونیان وابوە، ئەگەری هەیە شیرپێدانەکە ڕۆڵی هەبوبێت لەپاراستن‌و پێشگرییکردن لەتوشبون بەنەخۆشیی شەکرەی جۆری دوەم.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، "یەکێک لەو هۆکارانەی دەبێتە هۆی توشبون بەنەخۆشیی شەکرە، بریتییە لەلەدەستدانی توانای خانەکانی بێتا بۆ بەرهەمهێنانی ئەنسۆلینی پێویست بۆ زاڵبون بەسەر بەرگریی ئەنسۆلین - واتە بێتوانایی ئەنسۆلین بۆ دابەزاندنی شەکری خوێن بەشێوەیەکی کاریگەر".

ئاماژەی بەوەشکرد، جینەکان‌و قەڵەویی زۆرجار دەبنە هۆی بەرگریی ئەنسۆلین کە لەکاتی دووگیانییدا خراپتر دەبێت، بەتایبەتی لەسێ مانگی سێیەمدا.

هەروەک دەڵێت:، "لەکاتێکدا زۆر کەس وا گریمانە دەکەن کە شیرپێدانی سروشتیی لەڕێگەی دابەزاندنی کێشەوە دایکەکە لەنەخۆشیی شەکرە دەپارێزێت، بەڵام توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات کە کاریگەرییە پارێزەرەکانی شیرپێدان لەمشکدا پێدەچێت لەڕێگەی چەندین میکانیزمەوە ڕوبدات کە سەربەخۆن لەدابەزاندنی کێش، ئەمەش لەگەڵ ئەو توێژینەوانەی لەسەر مرۆڤدا کراون یەکدەگرێتەوە".

سەرپەرشتیارانی لێکۆڵینەوەکە هیواداران لەڕێگای ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە ئەو بیرۆکەیە بڵاوبکەنەوە کە شیرپێدان نەک تەنها بۆ کۆرپە، بەڵکو بۆ دایکیش سودی هەیە، لەکۆتاییدا وتویانە، "دەمانەوێت خەڵک ئاگاداربکەینەوە کە شیرپێدان دەتوانێت کاریگەریی پارێزەری لەسەر میتابۆلیزمی دایک هەبێت، بەدەستنیشانکردنی ئەو میکانیزمانەی کە بەشدارن لەم پاراستنەدا دژی نەخۆشیی شەکرە، هیوادارین ئەم توێژینەوەیە ببێتە هۆی دەرئەنجامێکی باشتر بۆ دایکان لەدوای منداڵبون‌و هەروەک هەموو ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوەمیان هەیە".

 

 

 

سەرپەیڤ