ئه‌یلوول 01, 2023 13:08 Asia/Tehran
  • سەیركردنی زۆری شاشەكان، گەشەكردنی منداڵ دوادەخات

لە رۆژگاری ئەمرۆدا شاشەی ئامێرە هۆشمەندەکان، جا تابلێت بێت یان مۆبایل، بوونەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانەمان، هەربۆیە شتێکی لۆژیکییە منداڵەکانیشمان بەکاریان بهێنن.

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی ژاپۆنی کە لەلایەن زانکۆی تۆهۆکۆ لەسەر 7097 منداڵ ئەنجامدراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو منداڵانەی ڕۆژانە چەند کاتژمێرێک لەبەردەم شاشەکاندا بەسەر دەبەن، لەگەڵ گەورەبوونی تەمەنیاندا تووشی کێشەی گەشەکردن دەبن.

 لێکۆڵەران ئاماژەیان بەوەشکردووە، تا منداڵ زیاتر شاشەی ئامێرە هۆشمەندەکان بەکاربهێنێت، کاریگەری نەرێنیی لەسەر گەشەکردنی زیاتر دەبێت.

بەگوێرەی لێکۆڵەران، ئەو منداڵانەی لە ماوەی ساڵی یەکەمی تەمەنیاندا ڕۆژانە زیاتر لە چوار کاتژمێر لەبەردەم تەلەفزیۆن یان کۆمپیوتەرێکی تابلێت دادەنیشن، تووشی دواکەوتنی گەشەکردن بوون، بەڵام دوای تەمەنی چوار ساڵی، بەهۆی لێهاتوویی کۆمەڵایەتیی و پەیوەندی کەسییەوە، بە هاوتەمەنەکانیان گەیشتوونەتەوە.

لێکۆڵینەوەکە جەختی لەوەکردۆتەوە کە تواناکانی زمان لای هەندێک لە منداڵان باشتر دەبێت، ئەگەر بێت و ئەو شاشانە بۆ مەبەستی فێرکاریی بەکاربهێنن.

لای خۆیەوە، تاکو ئۆبارا سەرپەرشتیاری لێکۆڵینەوەکە گەیشتۆتە ئەو دەرئەنجامەی، بەسەربردنی کاتێکی زۆر لەبەردەم شاشە لەلایەن ئەو منداڵانەی گەیشتوونەتە تەمەنی یەک ساڵی، پەیوەندیی بە دواکەوتنی گەشەکردنەوە هەیە.

رۆژنامەی "زە سەن"ی بەریتانی دەڵێت: پسپۆڕان دەڵێن رۆژانە منداڵان ئەوپەڕی تەنیا دەتوانن دوو کاتژمێر سەیری شاشەی ئامێرە هۆشمەندەکان بکەن.

 

 

 

سەرپەیڤ