تشرینی یه‌که‌م 10, 2023 23:34 Asia/Tehran
  • پزیشکێکی دانیشتوی سلێمانی کێشەیەکی گەورەی منداڵان ئاشکرادەکات

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی کێشەیەکی گەورەی منداڵانی کۆمەڵگەی کوردیی رادەگەیەنێت و دەڵێت، “هۆکاری چەندین گرفتی تەندروستیی ئەمڕۆی منداڵانە”.

د. پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەدی منداڵان لە سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، “سەیرکردنی تەلەڤزیۆن و شاشە بە گشتی زیانی زۆر بە منداڵان دەگەیەنێت”.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، “تا تەمەنی دوو ساڵی باش نییە منداڵ سەیری شاشە بکات وەک تەلەڤزیۆن، ئایپاد و مۆبایل، چونکە قسەکردنیان دوائەکەوێت، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی ئۆتیزم زیاد دەکات، کێشیان زیاد دەبێت، شێوازی خەوتنیان تێکئەچێت، فێری رەفتاری توندوتیژ دەبن و لایەنی کۆمەڵایەتییان لاواز دەبێت”.

ئەو دکتۆرە دەشڵێت، “لەدوای تەمەنی دوو ساڵییەوە، منداڵ باشترە یەک بۆ دوو کاتژمێر زیاتر لە ڕۆژێکدا سەیری ئەو ئامێرانە نەکات، لە جیاتی ئەوە کاتەکانی بە یاریکردن بباتەسەر چونکە لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کە مێشکی منداڵ باشتر گەشە ئەکات بە یارییەک کە خۆی بیکات”.

رێنمای دایکان و باوکان دەکات بەوەی، “هەوڵبدەن پێشتر سەیری ئەو کەناڵانە بکەن کە منداڵەکە سەیری دەکات، ئەو کەناڵان و ئامێرانە لە شوێنێک دابنێن کە بە ئاسانی دەستی پێی نەگات، لە کاتی سەیرکردنی بەرنامەیەک لە منداڵەکانتان نزیکبن و ناوبەناو پرسیاری لێ بکەن و ناوەڕۆکەکەی بۆ روون بکەنەوە”.

سەبارەت بە دانانی سنوورێک بۆ منداڵەکان دەڵێت، “پێویستە دایکان و باوکان کاتێکی دیاریکراو بۆ منداڵەکانیان دابنێن، نابێت لەژووری نووستن تەلەڤزیۆن و ئەو ئامێرانەی لێبێت کە بارگاویی دەکرێنەوە”.

 

 

 

سەرپەیڤ