ئادار 30, 2025 13:46 Asia/Tehran
  • دەستەواژەی پەڵەدان واتای چییە و بۆ چی بەکار دێت

لە ناوەڕاستی پاییزی هەموو ساڵێک هەریەک لە دەستەواژەکانی پەڵەدان، پەڵەی داوە یان نەداوە و بارانەپەڵە بەر گوێی خەڵکی دەکەوێت کە زۆرینەی جار لەلای جووتیارەکانەوە باس دەکرێت.

یەکێک لەو دەستەواژانەی کە لەم بوارەدا زۆر دەبیسترێت، "هەقە پەڵە"یە.

هەقە پەڵە ئەو دۆخەیە کە ئەوەندە باران باریبێت زەوییەکان بۆ چاندنی دەغڵ و دان و وەشاندنی تۆو لەباربێت؛ بەرواری ئەم ڕووداوەش دەکەوێتە ڕۆژانی پێنج و شەشی مانگی یانزەی ساڵ (بەپێی ساڵنامەی زاینی) کە دەکاتە ناوەڕاستی وەرزی پاییز. بە بڕوای جووتیارەکان لەم ڕۆژانەدا ئەوەندە باران باریووە کە زەوییەکە ئامادەبێت بۆ چاندن و تۆو وەشاندن. بەو بارانەشی لەم چەند ڕۆژە و ڕۆژانی دوایی دەبارێت دەوترێت "بارانی پەڵە".

لەوانەیە ئەم ڕۆژە پاش و پێشیش بکەوێت بەپێی بڕی باران بارینی ساڵ و گەر دواش بکەوێت شتێکی زۆر مەترسیدار نییە؛ مەگەر ئەوەی هیچ نەباریبێت و مەترسی وشکەساڵی هەبێت. بۆیە دەستەواژەی هەقە پەڵەی بۆ بەکار دێت، ئەگەر هەیە پەڵەدان بکەوێتە پێش و پاشی ئەو وادەیە.

 

چۆن بزانرێت پەڵەی داوە یان نا؟

جووتیارەکان پەڵەدانیان بەو شێوەیە دیاری کردووە کە ئەوەندە باران باریبێت لەکاتی زەوی کێڵان تا ئەو شوێنەی دەمی گاسنی پێ دەگات و هەڵدەگێڕدرێتەوە تەڕ بووبێت و وشک نەبێت، یاخود ٢٠ بۆ ٣٠ سانتیمەتر قووڵایی تەڕایی هەبێت. یان ئەوەی ئاو لە زەوییەکان بوەستێتەوە و وڵاغەکان لەدوای باران بارین بەناو زەوییەکە تێبپەڕن و جێگا سمەکانیان پڕ ئاو ببێت. 

 

مەرج نییە بارانی بەلێزمە و بەخوڕی لەناکاو ببێتە هۆی پەڵەدان، چونکە دەکرێت نەڕواتە ناو خاک و تەنیا لەسەر زەوی بمێنێتەوە و بڕوات. بەڵکوو دەکرێت بارینی بەخوڕی هێواش لە نێوان ١٢ بۆ ٢٠ کاتژمێر ببێتە هۆی پەڵەدان و زەوی زۆرینەی ئاوەکەی هەڵبمژێت.

 

سەرپەیڤ