گوڵی «پێ قاز»؛ شێوە و پێکهاتە، شێوازی چاندن و گرنگیپێدانی
پێ قاز ڕەگەزێکە کە سەدان جۆر ڕووەکی گەڵاداری جوان لەخۆدەگرێت، گرنگیپێدانی زۆری ناوێت و بەئاسانی گەشە دەکات و ڕێژەی گەشەکردنیشی خێرایە، چاندنی ئەم جۆرە گوڵە لە ماڵەوە دەبێتە هۆی پێدانی جوانییەکی ناوچە خولگەییەکان بە جێگەکە، نشینگە بنەڕەتییەکەی ئەمریکای باشوور و ئەمریکای ناوەڕاستە.
خۆشبەختانە کێشەی ڕووبەڕووبوونەوەی گوڵی پێ قاز (بە ئینگلیزی: Philodendron، ناوی زانستی: Philodendron spp)بە نەخۆشی دیاریکراو نییە، بەڵام دەکرێت لە ماڵەوە هەندێک مێروو لێی نزیکبنەوە وەک، سن و جاڵجاڵۆکەی مۆرانە یان جۆری جیاوازتر، بۆ چارەسەرکردن دەکرێت بە درووستکردنی گیراوە یان دەرمانی دژە مێروو لەناوببرێن و بپرژێنرێت بەسەر ڕووەکەکەدا، یان دەکرێت تووشی نەخۆشی ڤایرۆسی ببێتەوە، کە ڤایرۆسەکە دەبێتە هۆی درووستکردنی نیشانەی بچووکی زەرد لەسەر ڕووی گەڵاکان، بۆ چارەسەکردنی ئەمەش دەبێت گەڵا تووشبووەکان لێبکرێنەوە، هەموو گەڵاکان بسڕدرێن و خاوێن بکرێنەوە لە تۆز و خۆل هەروەها جیابکرێتەوە لە گوڵەکانی دەوروبەری، دواتر ماددەی بەپیتکەری بۆ زیاد بکرێت هەتاکوو دووبارە بە بەهێزی گەشە بکاتەوە.
شێوە و پێکهاتەی گوڵی «پێ قاز»
بەگشتی ڕووەکێکە لە قەد و گەڵا پێک هاتووە، گەڵاکانی گەورە و سەوز و درەوشاوەن، دوو جۆری سەرەکی لە پێ قاز هەیە، یەکێکیان نزیکەی چەند مەترێک بەرز دەبێت و پێویستی بە پاڵپشتێکە هەتاکوو خۆی پێدا هەڵبواسێت، جۆرەکەی تریشیان زۆر بەرز نابێت و بە ڕێکی گەشەدەکات، لە گۆزەکاندا دەچێنرێت و دیمەنێکی جوانی هەیە، بەڵام پێکهاتەکەی بۆ هەریەک لە مرۆڤ و ئاژەڵە ماڵییەکانیش ژەهراوییە و نابێت بە هیچ جۆرێک بخورێت.
سوودەکانی
- دەبێتە هۆی خاوێنکردنەوەی هەوا.
- دیمەنێکی جوان دەبەخشێت بە جێگەکەی.
- بە ئاسانی و بە خێرایی گەشە دەکات و زۆر دەبێت.
- ئەگەر جێگەکەی گونجاوبێت دەتوانێت بۆ چەندین دەیە بەردەوامبێت لە ژیانکردن.
شێوازی چاندن و گرنگیپێدانی
- لە هەر کاتێکی ساڵدا دەکرێت بچێنرێت بەڵام باشتر وایە لە وەرزی بەهاردا هەوڵی زیادکردنی بدرێت؛ بە دوو شێوە زیاددەکرێت: یەکێکیان ئەوەیە کە چڵێک لێ بکرێتەوە لە قەدەکەی، ڕێگای دووەمیشیان ئەوەیە کە کاتێک بنجێکی بچووک درووست دەکات بگوازرێتەوە و زیاد بکرێت، ئەگەر بە قەد و چڵەکانی زیاد بکرێت ئەوا پێویستە بە چەقۆ یان مقەستێکی تیژ و خاوێن ببڕدرێت، دواتر بخرێتە ئاوەوە هەتاکوو نزیکەی دوو هەفتە. لەو ماوەدا ڕەگ درووست دەکات و دەکرێت بچێنرێت، چاندن بە ڕێگای دووەمیان ئاسانترە، چونکە بنجەکە خۆی ڕەگی هەیە و تەنها دەگوازرێتەوە بۆ جێگەیەکی تر و زیاد دەکرێت، بەڵام پێش هەڵکێشانی باشترە کە ئاوبدرێت و جێگەکەی تەڕ بکرێت، بۆ ئەوەی بەئاسانی بهێنرێتە دەرەوە.
- هەرچەندە ئەم گوڵە گرنگیپێدانی زۆری ناوێت بەڵام بۆ ئەوەی ڕووەکێکی تەندرووست بێت و بەردەوام بێت لە گەشە و تووشی نەخۆشی نەبێت، پێویستە جێگەکەی هاوشێوەی نشینگە بنەڕەتییەکەی بێت، بۆ نموونە نابێت ڕووناکی خۆری ڕاستەوخۆی بەر بکەوێت، چونکە دەبێتە هۆی سووتانی گەڵاکانی، لە نزیک پەنجەرەیەکەوە دابنرێت بۆ ئەوەی جێگەکەی گەرم بێت لە هەمان کاتدا بە ڕێکخراوی ئاو بدرێت و بە شێداری بهێڵرێتەوە، پێویستی بە خاکێکە کە شی بووەبێت و بە ئاسانی ئاوی پێدا بڕوات، هەروەها دەبێت پلەی ترشێتی خاکەکە ترشبێت.
- بۆ ئەوەی گەڵاکانی بە باشی فرمانەکانیان ئەنجام بدەن و لەهەمان کاتدا جوان دەربکەون، دەبێت لە کاتە گەرمەکاندا گەڵاکانی بە پارچەیەک بسڕدرێت، ئەگەر جێگەکەی زۆر سێبەر بێت ئەوا پێ قازەکە زۆر بەرز دەبێت و گەڵای کەم دەگرێت، هەرچەندە ئەگەر ڕووناکیشی زۆربێت ئەوا گەڵاکانی زەرد دەبن و لەناو دەچن؛ زەردبوونی چەند گەڵایەکی کەم ئاساییە و بەهۆی گەورەبوون و بەتەمەن بوونیەتی، بەڵام ژمارەیەکی زۆریان زەرد بن بەهۆی سووتان بە ڕووناکی خۆرەوە ڕوودەدات، لەبەر ئەوە دەبێت بەشێک لە کاتەکانی لە سێبەردا بێت و بەشێکی تریش تەنها ڕووناکی ناڕاستەوخۆی خۆری بەربکەوێت.
- کاتێک گوڵەکە لە گۆزەدا دەچێنرێت دەبێت خاکەکەی بەپیت بکرێتەوە بە ماددەی ئەندامی، یاخود باشتر وایە کە چەند ساڵ جارێک گۆزەکەی بۆ نوێ بکرێتەوە، چونکە ئەگەر خوێ کەڵەکە ببێت لە گۆزەکەیدا کە لە ئەنجامی ئاودانەوە درووست دەبێت، ئەوا گەڵاکانی ڕەنگیان دەگۆڕێت بۆ قاوەیی و زەرد و لەناو دەچن، بۆیە دەبێت خوێیەکە دەربهێنرێت و خاکەکەی نوێ بکرێتەو.
- پێویستی ئەم گوڵە بۆ ئاودان تەنها ڕێژەیەکی مامناوەندی شێیە، لەبەر ئەوە هەتاکوو چەند سانتیمەترێکی بەشی سەرەوەی خاکەکەی وشک نەبێتەوە نابێت ئاو بدرێت، چونکە هەردوو ئاودانی زۆر و کەم دەبنە هۆی لەناوچوونی؛ هەروەها ئەو جۆرانەی کە خۆیان هەڵناواسن و بە ڕێکی گەشە دەکەن توانای بەرگەگرتنیان بۆ وشکی زیاترە و ئاودانی کەمتریان پێویستە، جگە لە ئەمانەش پێویستە لە وەرزی زستاندا زۆر بە کەمی ئاو بدرێت.