بەرتیلدان بە منداڵ؛ یەکێک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان ئەنجامی دەدەن
هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە بەرتیلدان بە منداڵ. واتە، ئەو جۆرە دایک و باوکانە، کاتێ هەندێ لە کارەکانی ماڵەوە، یان بازاڕ بە منداڵ دەسپێرن، پارە و بەرتیلی پێ دەدەن و پێی دەڵێن: ئەگەر ئەو کارەمان بۆ بکەیت، ئەوا ئەوە و ئەوت دەدەینێ؛ بەمەش منداڵ فێرە بەرتیل وەرگرتن دەبێت و لە ئایندەدا هەر کارێکی پێ بسپێرن، داوای پارە و ئیمتیازات لە دایک و باوکی دەکات!!
ئەم هەڵەیەی دایک و باوکیش بۆ چەندین هۆکاری جیاجیا دەگەڕێتەوە، لەوانە:
- لاوازی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری.
 - هەست نەکردن بە بەرپرسیارییەتی.
 - بێباکی و خەمساردی.
 - شارەزا نەبوون بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
 - چاولێگەری و لاسایی کردنەوەی خەڵکانی دیکە.
 - نازاندنی منداڵ.
 - ڕانەهێنانی منداڵ لەسەر وەرگرتنی بەرپرسیارییەتی.
 - ئاشنا نەکردنی منداڵ بە ئەرک و کارەکانی.
 - هان نەدانی منداڵ بۆ ئەنجامدانی کارەکانی بە بێ بەرامبەر.
 - نەبوونی توانای کونترۆڵکردن و ئاڕاستەکردنی منداڵ بە شێوەیەکی تەندروست.
 - ئەم جۆرە دایک و باوکە زیاد لە پێویست دڵنەرم و بەسۆز و دلۆڤانن.
 - بیر لە ئایندەی منداڵەکانیان ناکەنەوە.
 
زیانەکانی ئەم هەڵەیە
ئەگەر دایک و باوک هەر سوور و ڕژد بن لەسەر ئەم هەڵەیە و هەر لە منداڵییەوە منداڵەکانیان فێرە بەرتیلخۆری بکەن و بۆ ئەنجامدانی هەر کارێکی گەورە یان بچووک، کەم یان زۆر، بەرتیلێکی پێ بدەن، زیانێکی زێدە زۆر لە خودی منداڵەکە و دایک و باوکی و خێزان و کۆمەڵگەش دەگەیەنێت، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
- منداڵ هەست بە بەرپرسیارییەتی ناکات.
 - منداڵ بە شێوەیەکی ناتەندروست پەروەردە دەبێت.
 - باری شانی دایک و باوکەکە قورس دەبێت.
 - منداڵ کە گەورەبوو، بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک، چاوی لەوە دەبێت لە بەرامبەردا بەرتیلێک وەربگرێت.
 - ئەم کارە دەبێتە نەریتێکی باو و ناپەسەند لە کۆمەڵگەدا.
 - ئەندامانی دیکەی خێزان فێرە هەمان کاری ناپەسەند دەبن.
 - هۆکارێکە بۆ بڵاوبوونەوەی پەتای بەرتیلدان و بەرتیلخۆری.
 
چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە
بۆ ئەوەی دایک و باوک دووچاری ئەم هەڵەیە نەبن و بەرتیل بە منداڵەکانیان نەدەن و لەو کارە ناپەسەندە دوورکەونەوە، دەبێ ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بهاوێژن:
- پێویستە ئاشنا بن بە ئەرک و کارەکانیان.
 - گەرەکە هەست بە بەرپرسیارییەتی بکەن.
 - دەبێ ئاشنا بن بە قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵ.
 - دەبێ ئاشنا بن بە بنەما زانستیی و پەروەردەییەکان و بە شێوەیەکی زانستییانە و پەروەردەییانە سەرەدەری لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن
 - هاوسەنگی نێوان ئەرک و مافەکان بپارێزن.
 - لە قۆناغە جیاجیاکاندا، بەپێی ئەو توانا و هێزەی کە منداڵەکانیان هەیانە، ئەرک و بەرپرسیارییەتییان پێ ببەخشن.
 - نابێ هەمبەر هەر کارێک کە منداڵ ئەنجامی دەدات، بێتە پاداشت و خەڵات کردن، چونکە فێرە بەرتیلخۆری دەبێت و کە گەورە بوو، بە ئاسانی واز لەو خووە ناپەسەندە ناهێنێ.
 - پێویستە هەماهەنگی و پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان دایک و باوکەکاندا هەبێت.
 - دەبێ دایک و باوک خۆیان لە هەڵوێست و کاری هاودژ بپارێزن؛ بە تایبەتی لە حزوری منداڵەکانیاندا.
 - دەبێ دایک و باوک هەر لە سەرەتاوە لەسەر ئەوە ڕابێنن کە ببێتە کەسێکی ئەرکپارێز و بەرپرسیارییەتی وەرگر و هەست بە بەرپرسیارییەتی بکات.
 - دەبێ خۆیان لە بەناز پەروەردەکردنی منداڵ بپارێزن.
 - دەبێ بە ئەندازە پارە بە منداڵ بدرێت، واتە، نە هێندە زۆر پارە بەسەردا هەڵبڕێژن، کە بە لاڕێدا بڕوا و ببێتە کەسێکی سەرەڕۆ، نە هێندەش کەم بێت، کە چاوی لە دەستی ئەم و ئەو بێت و هەست بە زەلیلی بکات، یان پەنا بۆ دزیکردن ببات.
 - دەبێ دایک و باوک خۆیان لە چاولێکەری کوێرانە بەدوور بگرن.