هەورێشم؛ مێژوو، تایبەتمەندی و بەکارهێنانی
هەورێشم بریتییە لە ڕیشاڵی سروشتی پڕۆتین، جۆرێکە کە دەتوانرێت بچنرێت، ڕیشاڵی پرۆتینی هەورێشم بەشێوەیەکی سەرەکی لە فایبرۆین پێک دێت.
جۆرێکی مێروو بە ناوی کرمی هەورێشم پاشکۆیەک بەرهەم دەهێنێت بە ناوی ماشۆت کە دەکرێت بە هەورێشم (بە ئینگلیزی: Silk). ناسراوترین جۆری هەورێشم لە ماشۆتی جۆری کرمۆکەی کرمی هەورێشمی ئەرخەوانی بەرهەم دەهێنرێت. دەرکەوتەی بریسکانەوەی هەورێشم هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی سێگۆشەیی شێوە ئاوێزەی ڕیشاڵی هەورێشم، کە ئەمەش وا لە قوماشی هەوڕێشم دەکات کە ڕووناکی هاتوو بە گۆشەی جیاواز بداتەوە، بەمەش بە ڕەنگی جیاواز دەردەکەوێت. هەورێشم لەلایەن چەند جۆرێکی مێرووەوە بەرهەم دەهێنرێت بەڵام بەشێوەیەکی گشتی هەورێشمی کرمی هەوڕێشم بەکار دێت بۆ بەرهەمهێنانی قوماش، چەندین توێژینەوە و بەدواداچوون ئەنجامدراوە لەسەر جۆرە جیاوازەکانی هەوڕێشم کە لە ئاستی گەردیدا جیاوازن.
مێژوو
بەرهەمهێنانی هەورێشم لە سەردەمی بەردینی نوێ لە وڵاتی چین سەری هەڵداوە و لە کۆتاییدا گەیشتە شوێنە جیاوازەکانی جیهان. بەرهەمهێنانی هەورێشم تایبەت بوو بە چین تاکوو شەقامی هەورێشم کرایەوە؛ شەقامی هەورێشم تۆڕێکی ڕێگای بازرگانی بوو کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای بەیەکەوە دەبەستەوە، هەر لەبەر ئەم هۆیە چین بەتەواوی دەستی گرت بەسەر بەرهەمهێنانی هەورێشمدا بۆ هەزاران ساڵی دواتر.
تایبەتمەندی
تایبەتمەندیی فیزیایی
ئەو هەورێشمەی لە پاشکۆی کرمی هەوڕێشمەوە بەرهەم دەهێنرێت، پانەبڕگەی سێگۆشەیی هەیە لەگەڵ گۆشەی هاوتا، ڕووکارە تەختەکەی ڕیشاڵۆچکەکان لە چەندین گۆشەی جیاوازەوە ڕووناکی دەدەنەوە، کە ئەمەش بریسکەدانەوەیەکی سروشتی دەبەخشێت بە هەورێشم. هەوڕێشم ڕووکارێکی نەرم و لووسی هەیە کە خز نییە، یەکێکە لە بەهێزترین ڕیشاڵە سروشتییەکان، بەڵام کاتێک تەڕ دەبێت زیاتر لە ٢٠٪ بەهێزییەکەی لەدەست دەدات. شێدارییەکی باشی هەیە کە پێک دێت لە نزیکی ١١٪، جیڕییەکەی بەشێوەیەکی مامناوەند کەمە ئەگەر بە کەمیش کێشی بهێنرێت بە کێشهاتووی دەمێنێتەوە، دەکرێت لاواز ببێت ئەگەر تیشکی خۆر زۆر لێی بدات، هەروەها دەکرێت لەلایەن مێرووەکانەوە هێرشی بکرێتە سەر بەتایبەت ئەگەر بە پیسی جێ بهێڵرێت. هەورێشم گەیەنەرێکی لاوازی کارەبایە، هەروەها بڵاوکەرەوەیەکی بەرزی تیشکی ژێرسوورە، کە وای لێ دەکات هەستی ساردی ببەخشێت لە کاتی دەست لێدان.
تایبەتمەندیی کیمیایی
ئەو هەورێشمەی لەلایەن کرمی هەورێشمییەوە دەردەرێت لە دوو پڕۆتینی سەرەکی پێک دێت کە بریتیین لە سێڕیسین و فایبرۆین؛ فایبرۆین پێکهاتەی ناوەندی هەرێشمە و سێریسین وەک ماددەیەکی لکێنەر چواردەوری داوە. هەوڕێشم بەرگری هەیە دژی زۆربەی ترشە کانزاییەکان، جگە لە ترشی گۆگردیک کە دەتوانێت هەورێشم بتوێنێتەوە، هەروەها سپیکەرەوەی کلۆر دەتوانێت ڕیشاڵەکانی هەورێشم تێک بشکێنێت.
بەکارهێنان
جلوبەرگ
فێنکی هەورێشم وای لێکردووە کە لەبەرکردنی ئاسوودەبەخش بێت لە کەشی گەرمدا، هەروەها توانا کەمەکەی بۆ گەیاندنی گەرمی لە کەشی سارددا هەوای گەرم لە نزیکی پێستدا دەپارێزێت.
کەلوپەل
بریسکەی سەرنجڕاکێشی هەورێشم و نەرمییەکەی وای لێ کردووە گونجاو بێت بۆ بەکارهێنان لە کەلوپەلدا؛ وەک: قەنەفە، تایەی پاسکیل، داپۆشەری دیوار و جێگەی نووستن و چەندین کەلوپەلی تر.
پیشەسازی
هەورێشم چەندین بەکارهێنانی پیشەسازی و بازرگانی هەیە، وەک: پەڕەشووت و تایەی پاسکیل.
دەرمان
لە پڕۆسەیەکی تایبەتی دروستکردنی هەوڕێشمدا سێریسینی ڕووپۆشی دەرەوەی هەوڕێشم لا دەبرێت، کە ئەمەش وای لێ دەکات گونجاو بێت بۆ دوورینەوەی برین. ئەم پڕۆسەیە ڕێخۆشکەر بوو بۆ داهێنانی جۆرێکی تایبەتی جلی ژێرەوەی هەورێشم، کە بەکار دێت بۆ کێشەکانی پێستی وەک ئەگزیما.
جیاوازی نێوان سەتەن و هەورێشم
هەورێشم
- ڕیشاڵی سروشتییە
- هەردوو ڕووەکەی درەوشاوەیە
- ڕیشاڵێکی بەهێزە
- مێژووەکەی کۆنە
- لە پاشکۆی کرمی هەوڕێشم دروست دەکرێت
سەتەن
- چنراوە
- ڕوویەکی درەوشاوەیە و ڕووەکەی تری تەڵخ و کەم ڕەنگە
- لاوازترە بە بەراورد بە هەوڕێشم
- لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دۆزراوەتەوە
- لە دەزووی ڕیشاڵی هەوڕێشم یان نایلۆن یان پۆلی ئەستەرەوە دروست دەکرێت
واتای بینینی هەوڕێشم لهخهودا
- ئهگهر سپی بێت سوده ، وه ئهگهر زهرد بێت نهخۆشییه و هەوڕێشمی پاك چاكتره لهخام؛
- ئهگهر بیبینێ هەوڕێشمهكهی ئهو وون بێ یان لهناوچێ زیان دهبینێ.
- ئهگهر بهرگی هەوڕێشمی لهخهودا بێت بۆ پیاوان ناپهسهندهو بۆ ژنان پهسهنده.