ناسینەوەی زەردەواڵەکان؛ ئایا هیچ سوودێکیانیش هەیە؟
زەردەواڵە یان زەنگەسوورە یاخود زەرگەتە لە کۆمەڵەی مێرووەکاندا پۆلێن دەکرێت و خاڵی هاوبەشی لەگەڵ مێروولە و هەنگەکاندا هەیە.
چەندین جۆری جیاوازی زەردەواڵە (بە ئینگلیزی: wasp) هەیە کە لە خێزانی جیاوازدا پۆلێن کراون، نشینگەکەی دەکرێت هەموو ناوچەکانی جیهان بگرێتەوە تەنانەت بیابانە گەرمەکان و ناوچە بەستەڵەکەکانیش؛ لەبەر ئەوەی کەمەرێکی زۆر باریکی هەیە لە نێوان سنگ و سکیدا، ئەوا ئەم مێرووە دەتوانێت بە نزیکەیی جەستەی بکاتە نیو هێندەی قەبارە ئاساییەکەی و لە هەموو ئاڕاستەکانەوە توانای پێوەدانی هەیە بۆ دوژمن و قوربانییەکانی نزیکی. پێوەدانەکەی ژەهراوییە و لە ناوچەی کۆتایی سکییەوە توانای دەرپەڕاندنی هەیە، کە پێوەدانێکی زۆر ترسناکە و دەکرێت ببێتە هۆکاری مردن لە ئەو کەسانەی کە هەستیارییان هەیە. جیاوازییەکەشی لەگەڵ هەنگەکان ئەوەیە کە پێوەدانی زەردەواڵەکان لە ڕێگەی دەرپەڕیوی بچووکترەوەیە و پێکهاتەکەشی لەجەستەی قوربانییەکەدا جێ ناهێڵیت بەڵکو بە زیندووی دەمێنێتەوە و چەندین جار توانای دووبارە پێوەدانی هەیە.
سوودەکانی
شێوازی دروستی مامەڵەکردن لە کاتی بینین یاخود دۆزینەوەی ماڵی زەردەواڵەکان بریتییە لە دەستکاری نەکردنیان، سەرەڕای ئەوەی زەردەواڵە مێروویەکی بێزارکەرە، بەڵام بە بێ هەبوونی هۆکاری پێویست نابێت ماڵ و جێگەکەیان وێران بکرێت، چونکە یەکێکە لە ئەو گیانەوەرانەی کە سوودێکی زۆری هەیە لە بەرپەرچدانەوەی ژمارەیەکی زۆری ئەو نەخۆشییە زیانبەخشانەی کە ڕووبەڕوی دارستان و کێڵگەکان دەبنەوە. ئەگەر شوێنەکەی نەگونجاو بوو ئەوا دەکرێت هەتا کۆتایی وەرزی پاییز چاوەڕوان بن پاشان بیگوازنەوە بۆ جێگەیەکی دیکە بەڵام بەبێ زیان گەیاندن بە ماڵەکەیان.
شێوەی دەرەوەی و خۆراک
بە گشتی لەناو خەڵکیدا وا باوە کە جەستەی زەردەواڵەکان لە دوو ڕەنگی زەرد و ڕەش پێک هاتووە؛ بەڵام لە ڕاستیدا دەکرێت ڕەنگی زۆری جیاوازتری هەبێت. درێژییەکەی لە نێوان ١.٥-١٠ سم دەبێت و ٤ باڵی پەردەیی هەیە کە قەبارەی دوو باڵەکەی دواوەی بچووکترن بە بەراورد بە ئەوانەی پێشەوە، بەڵام هەندێک لە جۆرەکانی باڵیان نییە، شێوەی ناوچەی سکی هاوشێوەی لوولەیە و بە موو داپۆشراوە، هەروەها لە هەردوو تەنیشتەکانی سەریدا دوو چاوی گەورە و ئاڵۆزی هەیە کە هاوکاری دەکات لەهەمان کاتدا هەموو ئاڕاستە جیاوازەکان ببینێت و لەسەر سەرییەوە دوو شاخی هەیە کە کۆمەڵێک فرمانی جیاواز ئەنجام دەدەن، وەک بەکارهێنانی بە مەبەستی هەستەکانی بۆنکردن و بەرکەوتن. جگە لە ئەمانەش توانای ناسینەوەی لەرینەوەکانی هەوای هەیە و وەک چەژەگۆپە کار دەکات و لە کاتی دروستکردنی لانەکەیدا بە سوود وەرگرتن لە درێژی شاخەکانی پێوانەی ئەو پێکهاتانە دەکات کە دەیهێنێت بۆ دروستکردنی لانەکەی، دەمی ئەم مێرووە بەجۆرێک دروست بووە کە دەبێتە هۆی وردکردن و هاڕاندنی پارچە بچووکەکانی ڕووەکەکان و بەکارهێنانی وەک ژەمی خۆراکی یاخود بۆ دروستکردنی لانەکەی سوود لە لیک و پێکهاتەکانی دەبینێت.
یەکگرتن و زۆربوون
بە گشتی کاتی زۆربوونی زەردەواڵەکان دەکەوێتە وەرزی بەهارەوە و زۆربوونەکەش ڕوودەدات لە ئەنجامی دانانی ژمارەیەکی زۆری هێلکە لە منداڵدانی شاژنەکەدا، کە تەنها یەکجار لەلایەن نێرینەکەیەوە دەپیتێنرێن؛ واتە زۆربوونەکەیان لە ئەنجامی یەکگرتنی نێرینە و شاژنەوە دەبێت، پاشان شاژنەکە جێگەیەک هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی لانەیەکی تیادا دروست بکات، پاشان هێلکەکانی بە شێوەیەکی ڕێکخراو دادەنێت، دەکرێت تەنها لە یەکجاردا زیاتر لە ٢٠٠٠ هێلکە دابنێت. دوای ماوەیەک کرمۆکەی ئیشکەر لە هێلکەکان هەڵدێن، دواتر کرمۆکەکان دەگۆڕێن بۆ قۆزاخە و پاشان بۆ زەردەواڵەی پێگەیشتوو، دوای تەوابوون سەرلەنوێ هێلکەدانی شاژن بە دانانی هێلکەی نوێوە سەرقاڵ دەبێت. لە سەرەتای دروستکردنی لانەی زەردەواڵەکاندا شاژنەکە ژمارەیەک جاڵجاڵۆکەی کوژراوی بۆ دەهێنێت بۆ ئەوەی دواتر کرمۆکەکان وەک سەرچاوەی خۆراکی سوودی لێ ببینن. دوای ئەمە هێلانەکە بەتەواوەتی دروست دەکات و دایدەخات، کرمۆکەکانیش بەشێوەیەکی سروشتی خۆیان پەرەدەسێنن و مێرووەکان دەخۆن، دوای کۆتایی هاتنی سوڕەکەشیان هەر زەردەواڵەیەک جێگەیەکی نوێ بۆ ژیانکردنی دەدۆزێتەوە، لە وەرزی زستاندا و بە هاتنی سەرمای زۆر و سەخت هەموو نێرینە و کرێکارەکان دەمرن و تەنها شاژنەکە بەزیندویی دەمێنێتەوە و دوای زستان زۆربوونەکە دەست پێ دەکاتەوە.
جۆرە سەرەکییەکانی
بە شێوەیەکی گشتی زەردەواڵەکان دابەش دەبن بۆ دوو نەوەی جیاواز، کە بریتین لە زەردەواڵەی کۆمەڵایەتی و زەردەواڵەی تاک، نموونەوەکانی جۆری یەکەم وەک زەردەواڵەی باو و زەردەواڵەی گەڵا و زەردەواڵەی بەرگ زەرد، نموونەی جۆری دووەمیش وەک زەردەواڵای سیکادای بکوژ و زەردەواڵەی قوڕ و زەردەواڵەی پۆرسەلین، بەناوبانگترین جۆرە دیارەکانیش بریتین لە ئەمانە:
- زەردەواڵەی گەڵا
- زەردەواڵەی ڕێگا
- زەردەواڵەی ڕاستی
- زەردەواڵەی ئەڵمانی
- زەردەواڵەی لمی
- زەردەواڵەی سکولی
- زەردەواڵەی تیڤا
- زەردەواڵەی هورنتس