ته‌مووز 13, 2025 10:15 Asia/Tehran
  •  مێژووی زمانی ژاپۆنی؛ لە سەرەتای زمانی نووسراوەوە تاوەکوو سیستەمی نووسین و وشەسازی

زمانی ژاپۆنی زمانێکی نیشتمانیی ژاپۆنە، هەروەها هەندێک ناوچەی و وڵاتی دیکە بە زمانی ژاپۆنی قسە دەکەن. زمانی ژاپۆنی لە ئایدیۆگرام و فۆنۆگرام پێک دێت، هەروەها زمانی ژاپۆنی زمانێکی نیشتمانیی ژاپۆنە و زیاتر لە ١٢٤ ملیۆن کەس قسەی پێ دەکەن، کە شەشەمین زمانە لە جیهاندا کە دانیشتووان قسەی پێ دەکەن.

جگە لە ژاپۆن هەندێک لە ویلایەتەکانی کۆماری پالاو بە زمانی ژاپۆنی قسە دەکەن و ئەم زمانە لەم کۆمارەدا وەک زمانێکی باو قسەی پێ دەکەن؛ هەروەها خەڵکی هەندێک ناوچەی بەڕازیل زمانی ژاپۆنی بەکار دەهێنن بەهۆی کۆچکردنیان لە بەڕازیلەوە بۆ ژاپۆن. زمانی ژاپۆنی زمانی جۆری SOVـیە لە ڕووی ڕیزبەندی وشەکانەوە؛ لە ڕووی فۆرمیشەوە وەک زمانی ئەگلۆتیناتیڤ پۆلێن دەکرێت.

 

مێژووی زمانی ژاپۆنی

زمانی ژاپۆنی مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠٠٠ ساڵ، زۆر شت لەبارەی پێش مێژوو یان سەرچاوەی زمانی ژاپۆنی تۆمار نەکراوە. لە سەدەی سێیەمدا هەندێک لە کتێبەکانی مێژووی چینی چەند وشەیەکی ژاپۆنییان تۆمار کردووە، بەڵام وەسفەکە بەس نییە بۆ ئەوەی بە باشی لە زمانی ژاپۆنی ئەو سەردەمە تێ بگەین. پێش هاوردەکردنی پیتە چینییەکان، پێ دەچێت زمانی ژاپۆنی ڕێنووسی نەبێت، بەڵام دەوترێت لە سەردەمی کۆفون (سەدەی سێیەم تا چوارەم)دا، پیتە چینییەکان لەگەڵ وشەسازی و فۆنۆلۆژیدا دەستیان بە درووستبوون کردووە. لە سەردەمی هێیان (٧٩٤-١١٨٥)، ژاپۆنییەکان ڕێنووسی هێمای خۆیان داهێنا بە ناوی هیراگانا و کاتاکانا و دەستیان کرد بە پەرەپێدانی خوێندەواریی ڕەسەنی ژاپۆنی.

لە ناوەڕاستی سەردەمی سامورای (١١٨٥ – ١٦٠٠)، زمانی ژاپۆنی پەرەی سەند و نزیکتر بوو لە ژاپۆنی مۆدێرن، هەروەها وردە وردە یەکەم دەرکەوتنی وشەی ئەورووپی لە ناو زمانی ژاپۆنیدا ئەزموون کران. دوای کۆتایی هاتنی گۆشەگیریی خۆسەپێنراوی ژاپۆن لە ساڵی ١٨٥٣دا، هاتنە ناوەوەی زمانەکانی تر بەتایبەت زمانە ڕۆژئاواییەکان زیادی کرد بۆ ناو زمانی ژاپۆنی. بە تایبەت زیاتر زمانی ئینگلیزی زۆر بوون؛ هەروەها وشەکانی ژاپۆنی لە ڕەگ و ڕیشەی ئینگلیزییەوە زۆر بوون. 

 

سیستەمی نووسینی زمانی ژاپۆنی

سیستەمی نووسینی چینی لە ژاپۆنی کۆن ناسێندرا؛ سیستەمی نووسینی چینی بۆ یەکەمجار لە سەدەی پێنجەمدا لە ژاپۆن ناسێندرا، کە دەوترێت ئەمە سەرەتای خوێندەواریی ژاپۆنییە. ئیمپراتۆرەکانی ژاپۆن لەو سەردەمەدا زانایانی بەناوبانگی چینی بانگهێشتی ژاپۆنیان دەکرد بۆ ئەوەی سیستەمی نووسینی چینی لێیان فێر ببن.

 

سەرەتای زمانی نووسراوی ژاپۆنی

دوای هێنانەکایەی پیتە چینییەکان (کانجی)، ژاپۆنیەکان دەستیان کرد بە بەکارهێنانی کانجی لەگەڵ زاراوەی ژاپۆنی کە بە پیتەکانی بەکارهێنراو بۆ واتاکانیان نیشان دەدرێن نەک دەنگەکەیان. لە ماوەی سەدەی حەوتەمدا دەست کرا بە بەکارهێنانی بنەمای فۆنێمی دەنگی چینی بۆ نووسینی شیعر و نووسینی پاکی ژاپۆنی. بەڵام هێشتا هەندێک وشەی ژاپۆنی بە پیتەکان بۆ واتاکانیان نووسرابوون و نەک دەنگی ڕەسەنی چینی.

ئەمەش کاتێکە کە مێژووی زمانی ژاپۆنی وەک زمانێکی نووسراو دەست پێ دەکات. ئەم شێوازە جیاوازە تێکەڵاوی نووسینە لە کۆنترین کتێبی مێژووی ژاپۆن بە ناوی “کۆجیکی”دا دەبینرێت کە لە سەدەی حەوتەمدا نووسراوە. پاشان خەڵکی ژاپۆنی دەستیان کرد بە بەکارهێنانی هەندێک کانجی بۆ نووسینی زمانی ژاپۆنی وەک ڕێنووسی بزوێن، بۆ دەنگەکانیان بە مەبەستی نووسینەوەی وشەکانی قسەکردنی ژاپۆنی بزوێن بە بزوێن. ئەم شێوازە نووسینە پێی دەوترێت "مانیۆگانا".

 

لەدایکبوونی یەکەم ڕێنووسی بزوێن کە (هیراگانا)یە

هیراگانا یەکەم ڕێنووسی ڕەسەنی هێمای ژاپۆن لە مانیۆگانا داهێنراوە. لەبری ئەوەی کانجی بەکار بهێنن بۆ نوێنەرایەتیکردنی بێژەکردنی زمانی ژاپۆنی، ڕێنووسی هیراگانایان پەرە پێ دا کە لە شێوازی خەتخەتی کورتی چینییەوە سەرچاوەی گرتووە. هیراگانا کاتێک بۆ یەکەمجار پەرەی پێ درا لەلایەن هەمووانەوە وەرنەگیرا و کەسانی پلە بەرز پێیان باش بوو تەنها کانجی بەکار بهێنن. لە ڕووی مێژووییەوە، فۆڕمی ڕێنووسی ئاسایی (کایشۆ)ی کانجی لەلایەن پیاوانەوە بەکار دەهێنرا، لە کاتێکدا فۆڕمی ڕێنووسی کورسیڤ (سۆشۆ) لەلایەن ژنانەوە بەکار دەهێنرا.

ڕێنووسی کۆرسیڤ هیراگانا یەکەمجار لەنێو ژناندا بەناوبانگ بوو، کە بەگشتی ڕێگەیان پێ نەدەدرا دەستیان بە هەمان ئاستی خوێندن بگات وەک پیاوان. بەم شێوەیە هیراگانا بۆ یەکەمجار لە نێو ژنانی کۆشکدا بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ نووسینی پەیوەندییە کەسییەکان و ئەدەبیات بەکار هات. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە هیراگانا هەندێک جار بە "نووسینی ژنان" ناوی بردووە. بۆ نموونە چیرۆکی گنجی و ڕۆمانە سەرەتاییەکانی دیکەی نووسەرانی ژن تەنیا هیراگانایان بەکار هێناوە. دواتر نووسەرانی پیاو دەستیان کرد بە بەکارهێنانی هیراگانا بۆ ئەدەب، پاشان بۆ نووسینی نافەرمی وەک نامەی کەسی بەکار هێنرا؛ لە کاتێکدا کانجی بۆ بەڵگەنامە فەرمییەکان بەکار دەهێنرا.

 

لەدایکبوونی ڕێنووسی دووەمی بزوێن کە (کاتاکانا)یە

کاتاکانا لە سەدەی نۆیەمدا (لە سەرەتای سەردەمی هێیان) لەلایەن دەروێشەکانی بوداییەوە پەرەی پێ دراوە کە لە کورتکراوەی کانجیەوە سەرچاوەی گرتووە. بە پێچەوانەی هیراگانا تەنها پیاوان کاتاکانایان بۆ بەڵگەنامە فەرمییەکان و بەڵگەنامەکانی هاوردەکراو لە چینەوە بەکار دەهێنا. لە زمانی ژاپۆنیی هاوچەرخدا کاتاکانا بە پلەی یەکەم بۆ نووسینی وشەی بیانی و ناوی ڕووەک و ئاژەڵ و بۆ جەختکردنەوە بەکار دەهێنرێت.

 

تێکەڵبوونی سێ سیستەمی جیاوازی پیت

زمانی ژاپۆنی هاوچەرخ بە تێکەڵەیەک لە سێ سیستەمی سەرەکی نووسراوە: کانجی و دوو ڕێنووسی هێما: هیراگانا و کاتاکانا. هەروەها هەندێک جار ڕێنووسی لاتینی بەکار دەهێنرێت زیاتر لە کورتکراوەی دیکەدا. هەروەها ژمارە عەرەبییەکان وەک ژمارەکانی کانجی بۆ ژماردنی ژمارەکان لە ناو زمانی ژاپۆندا باون.

 

سیستەمی نووسینی ژاپۆنی لە پەروەردەدا

خوێندکارانی ژاپۆنی لە ساڵی یەکەمی خوێندنی سەرەتاییەوە دەست دەکەن بە فێربوونی کانجی. ڕێنمایییەک کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی ژاپۆنەوە درووست کراوە، لیستی کیۆیکو کانجی ("پەروەردە کانجی")، ئەو ١٠٠٦ کاراکتەرە سادەی کانجی دیاری دەکات کە منداڵ دەبێت تا کۆتایی پۆلی شەشەم فێری بێت. منداڵان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لە ١١٣٠ کارەکتەری دیکەی کانجی لە قۆناغی ئامادەیی، کە بە گشتی ٢١٣٦ کارەکتەری جۆیۆ کانجی ("کانجی بەکارهێنانی باو") دەگرێتەوە.

 

وشەسازی زمانی ژاپۆنی

کراوەیی باوەڕپێنەکراو بەرانبەر بە زمانەکانی تر، زمانی ڕەسەنی ژاپۆن ئەو زمانە بوو کە پێی دەگوترا یاماتۆ کۆتۆبا یان "وشەی یاماتۆ". جگە لەم یاماتۆ کۆتۆبایە زمانی ژاپۆنی هاوچەرخ کۆمەڵێک وشە لەخۆ دەگرێت کە یان لە چینییەوە وەرگراون یان لە ڕەگ و ڕیشەی چینییەوە درووست کراون. ئەو وشانە بە کانگۆ ناسراون لە سەدەی پێنجەمەوە تێکەڵ بە زمانی ژاپۆنی دەبن لە ڕێگەی بەرکەوتن لەگەڵ کولتوری چینی. بەپێی فەرهەنگی زمانی ژاپۆنی، ٤٩٪ی وشەسازی لە ژاپۆن لە کانگۆوە سەرچاوەی گرتووە و  ٣٠٪ لە یاماتۆ کۆتۆبا و  ١٦٪ی دیکەش لە زمانی ڕۆژئاوا و تێکەڵکردنی چەند زمانێکەوە وەرگیراون.

وشەکانی ژاپۆنی بە ڕەچەڵەک جیاواز لە تۆمارە جیاوازەکانی زمانەکەدا بەکار دەهێنرێن. بە شێوەیەکی گشتی کانجی بە بەراورد بۆ وشە فەرمیەکان یان ئەکادیمییەکان بەکار دەهێنرێت، لە کاتێکدا یاماتۆ کۆتۆبا زیاتر لە وشەکانی ڕۆژانەدا بەکار دەهێنرێت. زۆر لە زمانی ئینگلیزی دەچێت کە وشەکانی وەرگیراو لە لاتینی بە شێوەیەکی فەرمی یان ئەکادیمی بەکار دەهێنرێن، هەروەها وشەی سادەتری ئەنگلۆساکسۆن لە گفتوگۆی ڕۆژانەدا بەکار دەهێنرێن.

 

 

 

 

 

سەرپەیڤ