ته‌مووز 19, 2025 09:27 Asia/Tehran
  • مێرووەکان؛ مێشوولە، شێوەی دەرەوەی و جۆرە سەرەکییەکانی

مێشوولە جۆرێک مێرووی کۆمەڵەی بێ بڕبڕەکانە کە تەنها مێیینەکەی دەتوانێت خوێن بمژێت؛ نشینگەکەی هەموو وڵاتە جیاوازەکان لە هەموو کیشوەرەکاندا دەگرێتەوە جگە لە بەستەڵەکی باشوور. جێگەی ژیانکردنیشیان هەموو ناوچەکانە بەتایبەتی جێگە گەرمەکان.

ئەوانەی کە لە ناوچەکانی باکوور و جێگە ساردەکاندا دەژین لە زستاندا لە نێو درەخت یاخود ماڵەکاندا خۆیان دەپارێزن، شێوازی ژیانکردنی هەر تاکێک بە تەنهایە واتە لەگەڵ ئەندامی دیکەدا کۆمەڵە و خێزان درووست ناکەن، هەرچەندە ژمارەی دیاریکراویان نییە بەڵام تێکدانی نشینگەکانیان گەورەترین مەترسی لەناوچوون و کەمبوونەوەی ژمارەیانن. مێشوولەکان ٣٥٠٠ جۆری جیاوازیان هەیە کە لە کۆمەڵەی سەرەکیدا پۆلێن کراون، لەناویشیاندا تەنها چەند جۆرێکیان توانای مژینی خوێنی مرۆڤیان هەیە و زۆرینەی جۆرەکانی تریان بێ زیانن.

هەندێک لە مێشوولەکان (بە ئینگلیزی: Mosquito) هەڵگری نەخۆشین و دەتوانن بیگوازنەوە بۆ مرۆڤەکان؛ وەک نەخۆشیی تا و مەلاریا کە ساڵانە دەبنە هۆی کوشتنی ژمارەیەک لە خەڵکی. مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە مێرووانە بۆ ژمارەیەکی زۆری خەڵکی کارێکی بێزارکەرە، بەهۆیەوە مرۆڤەکان پەنا دەبەن بۆ ژمارەیەکی زۆر لە دەرمانی قڕپێکەری مێروو بۆ کوشتن و لەناوبردنیان؛ بەڵام سەرەتا پێویستە دڵنیا ببنەوە لە درووستی و ڕێکی ناوماڵ و پەنجەرەکان بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە هاتنی بەردەوامیان. کاتێکیش خەڵکی دەچنە دەرەوە دەتوانن بە بەکارهێنانی دەرمان و زەیتی تایبەت بۆ ماوەی زیاد لە ١٠ کاتژمێر خۆیان لە مێشوولەکان بپارێزن؛ بەڵام کاتێک ژمارەیان زۆر و بەلێشاو دەبێت، ئەوا پێویستە سەرچاوەی ئاو و خۆراکیش بپارێزرێت چونکە دەکرێت مێشوولەکان بەکاری بهێنن.

 

شێوەی دەرەوەی

جەستەی مێشوولە بە ئێسکە پەیکەرێکی دەرەکی ڕەق داپۆشراوە کە چەند ڕەنگێکی هەیە وەک سوور، ڕەش، سپی یاخود قاوەیی. قەبارەیەکی بچووکی هەیە و کێشی دەگاتە نزیکەی ٥ میلیگرام، درێژییەکەشی لە نێوان ٢-٣٨ میلیمەتر دەبێت لە کاتێکدا هەندێکیان بەڕادەیەک بچووکن کە بینینیان قورسە، بەجۆرێکن کە دەکرێت گوێبیستی دەنگی بیت بەڵام نەتوانی بیبینیت. تاکە پێگەیشتووەکانی مێشوولەکان بە ئەوە جیا دەکرێنەوە کە جەستەیەکی درێژکۆلەیان هەیە لەگەڵ شەش قاچی درێژ و بەهێز، جووتێک باڵی درێژیان هەیە کە لەناوەڕاستی سنگییانەوە درێژ دەبێتەوە لەگەڵ لمۆزێک کە بەشێکی دەمی پێک هێناون. درێژی و تیژی لمۆزی هاوکاری دەکات لە بڕینی پێستی مرۆڤ بۆ هەڵمژینی خوێن یاخود بۆ هەڵمژینی بڕی زۆر لە شیلەی گوڵ. هەروەها لە لیکی دەمیدا ماددەیەکی دژە مەین هەیە بۆ ئەوەی میشوولەکە بتوانێت بڕێکی زۆرتر لە خوێن هەڵمژێت، بەڵام کاتێک لیکەکە بەر پێستی مرۆڤەکان دەکەوێت دەکرێت ببێتە هۆی درووستکردنی هەستیاری لە هەندێک لە خەڵکیدا، لە قۆناغەکانی تری مێشوولەکاندا شێوازی جەستەیان جیاوازی زۆری بەسەردا دێت و هەر قۆناغێک تایبەتمەندی خۆی هەیە.

 

خۆراک

مێشوولەکان بوونەوەری هەموو شتخۆرن و دەتوانن هەریەک لە شیلەی گوڵ و شەربەتی ڕووەکەکان لەگەڵ گەزۆ و خوێنیش بخۆن و بیانکەن بە ژەمی خۆراکی؛ بەڵام ئەم جۆرە مێرووە خۆشی دەبێت بە نێچیر و خۆراکی ژمارەیەکی زۆری گیانەوەرەکان وەک، مەمکدار، خشۆک، باڵندە، ماسیی جیاواز، وشکاوەکی و مێرووەکانی تر. مێشوولەکان خێران و لە کاتژمێرێکدا زیاتر لە دوو کیلۆمەتر دەبڕن، بەهۆیەوە دەکرێت هەندێک جار بتوانن دەرباز ببن لەدەست ڕاوچییەکانیان. هەروەها ئەگەر ژمارەیان زۆر کەم ببێتەوە ئەوا دەبێتە هۆی مەترسی لەسەر پاراستنی هاوسەنگی ژینگەیی؛ چونکە ژەمی خۆراکی ژمارەیەکی زۆری گیانەوەرەکان پێک دەهێنن.

 

زۆربوون

مێشوولەکان دوای تێپەڕاندنی تەنها چەند ڕۆژێک لە لەدایکبوونیان دەگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو و توانای زۆربوونیان دەبێت. مێیینەکان خوێن دەمژن بۆ سوودوەرگرتن لە ئەو پڕۆتین و ئاسنەی کە تێیدایە، دواتر بەکاری دەهێنن لە درووستکردنی هێلکەدا. پاش یەکگرتن مێیینەکان لە هەرجارێکدا دەتوانن ١٠٠-٢٠٠ هێلکە بکەن کە بە گوێرەی جۆرەکانیان دەگۆڕێت، هێلکەکانیش لە ناوچەی قوڕی شێدار و ئاودا دادەنیت. هەر مێشوولەیەک بە چوار قۆناغی جیاوازدا تێ دەپەڕێت، کە بریتین لە هێلکە، کرمۆکە، قۆزاخە لەگەڵ تاکی پێگەیشتوو؛ ماوەی هەڵهاتنی بێچووەکان لە هێلکەکانیان تەنها چەند ڕۆژێکی کەم دەخایەنێت، پاشان دەبن بە کرۆمەکە، بە گەشەسەندنی پێویست دەگاتە قۆناغی قۆزاخە و لە کۆتایدا تاکی پێگەیشتوو. هەر قۆناغێک ماوەیەکی کەم و کورت دەخایەنێت و لە هەر جارێکدا شێوازی مێشوولەکە گۆڕانی بەسەردا دێت، هەروەها تەمەنی ئەم جۆرە مێرووە بە گوێرەی جۆرەکان دەگۆڕێت و زۆرینەیان لە نێوان چەند ڕۆژێک هەتاکوو چەند مانگێک دەژین، بەگشتی ناوەندە ڕێژەی تەمەنیان تەنها ١٠ ڕۆژ دەخایەنێت.

 

جۆرە سەرەکییەکان

 

  •  مێشوولەی فیلی ئوستوڕالی
  •  مێشوولەی تا
  •  مێشوولەی پڵنگی ئاسیایی
  •  مێشوولەی مەلاریا
  •  مێشوولەی ماڵی باشوور
  •  مێشوولەی کوپەڵەی ڕووەک
  •  مێشوولەی ڕۆژهەڵاتی

 

 

سەرپەیڤ