ئەسپێی تەختە چییە و لە کام کۆمەڵەی گیانەبەرەکان پۆلێن دەکرێت؟
سەرەڕای ئەوەی کە زۆرینەی خەڵکی باوەڕیان وایە کە ئەم زیندەوەرە لە کۆمەڵەی مێرووەکاندایە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەسپێی تەختە "توێکڵدارێکی زەمینەییە"؛ واتە پۆلێنێکی جیاوازتری هەیە لە مێرووەکان. لە درێژایی ماوەی تەمەنیدا یەکێکە لە گیانەوەرە گرنگەکان کە هاوبەشە لە پاراستنی هاوسەنگی ژینگەیی، چونکە خۆراکی سەرەکیی ئەسپێی تەختە خواردن و بەکارهێنانی ماددە شیبووەوەکانە.
نشینگەکەی ئەسپێی تەختە (woodlouse) هەموو کیشوەرە جیاوازەکان دەگرێتەوە جگە لە جەمسەری باشوور، بە تایبەتی لە جێگەی شێدار و تاریکدا دەژی، هەروەها ئەم جۆرە ئەسپێیە لە سرووشتدا زیاتر لە ٣٥٠٠ جۆری جیاوازی هەیە، دەکرێت یەک یان دوو ئەسپێی تەختە لە ناوماڵدا ببینرێت، بەڵام ئەو ژمارەیە مەترسیدار نییە، و پێویست ناکات لە ناو ببرێت، چونکە تەنها کاتێک زۆر دەبن و دەمێننەوە کە پێکهاتەی خراپبوو و لەناو ماڵەکەدا هەبێت و ئەسپێکەش وەک سەرچاوەی خۆراک بەکاری بهێنێت. لەهەمان کاتدا زیان بە مرۆڤ ناگەیەنن، چونکە هەڵگری نەخۆشی نین و توانای گەستنیشیان نییە، بەڵام ئەگەر ژمارەیان زۆر بوو و پێویست بە لەناوبردنیان هەبوو، ئەوا چارەسەرەکەی ئاسانە، و بەم شێوەیەیە:
- لابردنی ئەو پارچە و کەلوپەلانەی ناوماڵ کە لە تەختە درووست کراون.
- نەهێشتنی بەرد لە باخچەی دەرەوەی ماڵەکەدا کە دەکرێت ببێتە جێگەیەک بۆ زۆربوونیان.
- دوورخستنەوەی ڕەگ یان قەدی درەخت، کە دەکرێت ئەسپێکان وەک ڕاگرێک بۆ پاراستنیان بەکاری بهێنن.
شێوەی دەرەوەی
ئەسپێی تەختە زیندەوەرێکی قەبارە بچووکە، و بەشی سەرەوەی جەستەی بە بەرگێک داپۆشراوە کە هاوشێوەی قەڵغانێکی پارێزەرە. ڕەنگی توێکڵەکەی ڕەساسییەکی تۆخ یاخود ڕەشە، ئەم قەڵغانە دیارترین تایبەتمەندییەتی و لە حەوت پەڕە (حەوت بەش) پێک هاتووە، و بە سوودوەرگرتن لە ڕەنگە تاریکەکەی دەتوانێت لەگەڵ ناوچە تاریک و شێدارەکەیدا تێکەڵ ببێت و بە ئاسانی نەناسرێتەوە. ئەسپێی تەختە ١٤ پەلی هەیە، درێژی جەستەی لە نێوان ٠.٧-١٨ میللیمەتر دایە و پانییەکەشی دەگاتە نزیکەی پێنج میللیمەتر، هەروەها کێشی کەمە، بەجۆرێک کە ئەسپێیەکی تەختە لە گرامێک کەمترە. کاتێک ئەم جۆرە ئەسپێیە هەست بە مەترسی دەکات ئەوا هاوشێوەی تۆپێکی لێ دێت، کە تەنها بەرگەکەی دەرەوەی دەبینرێت، بەهۆیەوە دەتوانێت بخولێتەوە و لە بەرزاییەوە خلۆر ببێتەوە، بەم شێوەیە دەبێتە هۆی پاراستنی ئەندامەکانی ناوەوەی، بەڵام لەبەر ئەوەی بەرگەکەی زۆر پتەو نییە ناتوانێت ڕێگری بکات لە ڕاوکردنی، یاخود بە مەبەستی خۆپاراستن ئەسپێی تەختە دەتوانێت لە بەشەکانی ناوەوەی جەستەیدا ماددەیەکی کیمایی بەرهەم بهێنێت، کە بۆنێکی بێزارکەری هەبێت و ڕاوچییەکانی دوور بکەونەوە.
خۆراک
ئەم جۆرە گیانەوەرە بە ڕووەکخۆر پۆلێن دەکرێت، و خۆراکی سەرەکیشی بریتییە لە قارچک و قارچکی خراپبوو لەگەڵ گەڵا شیبووەوەکان، بەڵام لە هەمان کاتدا خۆشی دەبێت بە نێچیری گیانەوەرەکانی دیکەی نشینگەکەی وەک، بۆق، هەزار پێ، جاڵجاڵۆکە و مشکی شریو (گیانەوەرێکی بچووکە کە هاوشێوەی مشکە).
یەکگرتن و زۆربوون
مێیینەی ئەم جۆرەی ئەسپێ کیسێکی هەیە لەسەر سکی کە نزیکەی ٢٠٠ هێلکەی پیتێنراوی تێدایە، و ماوەی دووگیانبوونی ٨-١٢ هەفتە دەخایەنێت، لەسەرەتای لەدایکبوونی بێچووەکان هەتا گەشتنیان بە تەمەنی پێگەیشتن بەبەردەوامی بەرگەکەیان نوێ دەکەنەوە و ڕەنگەکەی تۆختر دەبێت، کە ئەم شێوازی نوێکردنەوەی بەشی دەرەوەی جەستە لە زۆرینەی گیانەوەرە جیاوازەکانی تریشدا هەیە، و ڕەنگە تۆخەکەش هێمایەکە بۆ تەمەنی، واتە بە گوێرەی تۆخی ڕەنگی بەرگی بێچووەکان دەکرێت تەمەنیان بخەمڵێنرێت، بێچووەکان دوای گەشتنیان بە تەمەنی یەک ساڵی بەتەواوەتی پێگەیشتوون و توانای زۆربوونیان دەبێت، هەروەها بە گشتی ناوەندە ڕێژەی تەمەنی ئەم زیندەوەرانە لە نێوان ٢-٣ ساڵدایە، واتە تەمەنێکی زۆر درێژخایەنیان نییە، قۆناغەکانی ژیانی چەند دانەیەکی یەک لە دوای یەکە، بەم شێوەیە:
- هێلکە
- ساوا (قەبارەکەی لە دەنکە برنجێک بچووکترە)
- هەرزەکار
- پێگەیشتوو
جۆرە سەرەکییەکانی
- ئەسپێی تەختەی پێکتۆم
- ئەسپێی تەختەی ئازیز
- ئەسپێی تەختەی ناساتوم
- ئەسپێی تەختەی لاگریکایی
- ئەسپێی تەختەی دیبریسوم