هەموو زانیاریێک لەبارەی ڕووەکی پەڵپینە یان پرپرە
ئەم گیایە لە دوو جۆرە پێک دێت: گەورە و بچوک؛ بەڵام هەر دووکیان دەخورێت. پەڵپینە گیایەکی عەرزەکییە و بەرز نابێتەوە، لقەکانی مەیلەو سوورە ، گەڵاکانی وەک هێلکەی ورد وان و ئەستوور و پڕ ئاون ، تۆوێکی وردی ڕەشی هەیە، ئەو گیایە زیاتر لەناو باخ و زەویە تەڕەکان دەڕوێت.
سوودەکانی پەڵپینە
- بۆ تای گەرم مەزاج و زیادکردنی شیری دایک و سووتانەوەی ڕێڕەوی میز باشە.
- بۆ شەکرە و ژانەسەری گەرم مەزاجان کە لە گەرمییەوە بێت باشە.
- بۆ چالاک کردنی چالاکیی جەرگ و بۆ بەردی گورچیلە لەگەڵ ئاوی قۆرە بخورێت.
- بۆ تێکچوونی گەدە پەڵپینە بە پیاز و کەمێک ڕۆن سوور دەکرێتەوە.
- بۆ ئەوانەی لاوازن و لەشیان وشکە و مەزاجیان گەرمە ماوەیەک پەڵپینە بخۆن هەموو ڕۆژێک لەشیان تەڕ و جوان دەبێت و قەڵەو دەبن.
- بۆ ئەوانەی نەخۆشی پێست و خروویان هەیە بیخۆن و ئاوەکەی بگرن بەکاڵی لە برین و شوێنی خرووی بدەن یان بە ئارد بیکەنە نێو خوێ و لەسەری ببەستن.
- ئاوی تازەی ڕەگەکەی یان دەمکراوی وشککراوی ڕەگەکەی بەخەستی لە مێخەکە بدرێت فڕێی دەدات.
- ئەو گەنجەی کە زۆر دوودڵ دەبێت با ماوەیەک پەڵپینە بە کاڵی وەک سەوزە بخوات یان بە سرکە و ترش لەگەڵ نیسک بیکەن بە شۆرباو و ڕۆژی جارێک نانی پی بخوات و لەو ماوەیەدا گۆشت و چەوری و شیرینی زۆر نەخوات چاک دەبێتەوە.
- ئەگەر دەنکەکانی بکوڵیت و بە ئاوی ئەو دەنکانە زیپکە و برینی ناودەم بیشۆیت و غەرغەرەی پێ بکەیت و بۆ گەرم مەزاج زۆر بەسوودە و بۆ منداڵیش دەبێت.
- بەکارهێنانی (٨٠-١٠٠)گرام ڕەگ و گەڵاکەی بە سەوزە یان بە شلە بخورێت بەڵام تۆوەکەی (٥-٢٠)گرام، سارد مەزاجن و بەڵغەمی مەزاجن نەیخۆن باشترە.
چۆنیەتی ئامادەکردنی شۆرباوی پەڵپینە
پەڵپینە یەکێکە لە خواردنەکان کوردەوارییەکانە و سوودێکی زۆر بە جەستە دەگەیەنێت؛ ڕێگری لە گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان دەکات و چەورییە زیانبەخشەکان لە جەستە دەکاتە دەرەوە. لە ماڵەوە بەم ھەنگاوانە ئامادەی بکە.
پێداویستییەکانی
- نیو کیلۆ پەڵپینە
- کۆپێک نیسکی ھاڕاو
- نیو کۆپ برینج بەپێی ئارەزوو
- یەک کەوچکی چێشت ڕۆن
- خوێ بەپێی پێویست
- ئاوی گۆشت یان ماجی
- دوو کەوچکی چێشت دۆشاوی تەماتە
- یەک سەلکە پیازی جنراو
- ئاوی لیمۆ یان لیمۆ بەسرایی
- دوو کۆپ ئاوی تەماتەی تازە
- بیبەری تیژی ھاڕڕاو
ئامادەکردنەکەی
سەرەتا پەڵپینەکە ورد دەکرێت و دواتر دەشۆرێتەوە و لە سوزمەیەکدا دادەنرێت تاکوو ئاوی پێوە نەمێنێت. لە مەنجەڵێکدا پیازەکەی لەناو ڕۆندا بۆ سوور دەکرێتەوە؛ دۆشاو و ئاوی تەماتە و ماجی و نیسکی بۆ زیاد دەکرێت تاکوو بەتەواوی دەکوڵێن ، ئینجا وازی لێ دەھێنرێت. ئەگەر حەزت کرد برینجی تێ بکە؛ دواتر پەڵپینەکەی تێ دەکرێت لەگەڵ ئاوی لیمۆ و خوێ و بیبەرە تیژەکە، لەسەر ئاگر دادەنرێت تاکوو بەجوانی پێکەوە دەکوڵێن و کەمێک خەست دەبێتەوە. لەسەر ئاگر دادەگیرێت بە جیا لەگەڵ نان یان لەگەڵ پڵاو پێشکەش دەکرێت.