ڕوخسارناسی - بەشی یەکەم
ڕوخسارناسی یان هونەری خوێندنەوەی دەموچاو (Physiognomy)، یەکێکە لەو بوارە دێرینانەی مرۆڤایەتی کە لە سەرەتای شارستانیەتەکانەوە جێگەی مشتومڕ بووە.
مرۆڤ هەمیشە هەوڵی داوە لەرێگەی ڕواڵەت و شێوەی دەرەوەی کەسانی دەوروبەرییەوە، نهێنییەکانی ناخ و کەسایەتییان ئاشکرا بکات. ئایا چاوەکان پەنجەرەی ڕۆحن؟ ئایا تەوێڵی بەرز نیشانەی زیرەکییە و شەویلگەی پان نیشانەی شەڕەنگێزییە؟ ئەم بابەتە بە درێژایی مێژوو لە نێوان خورافات، هونەر، بەکارهێنانی پزیشکی، تاوانناسی و دواجار پۆلێنکردنی وەک زڕزانست - Pseudoscience هاتوچۆی کردووە.
ڕیشەی وشەکە
وشەی (Physiognomy) لە بنەڕەتدا لە زمانی یۆنانی کۆنەوە هاتووە، کە پێک هاتووە لە دوو بڕگە؛ (Physis) بە واتای "خوڵق" یان سرووشت، و (Gnomon) بە واتای دادوەر یان لێکدەرەوە دێت. واتە لێکدانەوەی سرووشتی کەسەکە.لە سادەترین پێناسەدا بریتییە لە هەڵسەنگاندنی کەسایەتی یان خەسڵەتەکانی مرۆڤ تەنها لە ڕێگەی سەرنجدان لە ڕوخسار و فۆرمی دەرەوەی جەستە، بەبێ ئەوەی گفتوگۆی لەگەڵ بکرێت. ئەم باوەڕە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان تایبەتمەندییە جەستەییەکان و تایبەتمەندییە دەروونییەکاندا هەیە.
مێژووی سەرهەڵدان
مێژووی ڕوخسارناسی هاوتەمەنە لەگەڵ مێژووی شارستانیەت. لە چین و هیندی کۆندا، وەک بەشێک لە پزیشکیی نەریتی و پێشبینیکردنی چارەنووس بەکار دەهات. لە دەقە کۆنەکانی چیندا، خوێندنەوەی دەموچاو تەنها بۆ زانینی کەسایەتی نەبوو، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییە شاراوەکانی ناوەوەی جەستە بەکار دەهێنرا، چونکە باوەڕیان وابوو هەموو ئەندامێکی ناوەوە پەیوەستە بە بەشێکی ڕوخسارەوە.
لە ڕۆژئاوادا، فەیلەسوفە یۆنانییەکان بەشێوەیەکی "سیستەماتیک" باسیان کردووە. ئەرستۆ یەکێک بوو لەوانەی زۆر بە وردی باسی ئەمەی کردووە، ئەو باوەڕی وا بوو دەکرێت لێکچواندن بکرێت لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا. بۆ نموونە، پێی وابوو ئەو کەسانەی ڕوخسار یان لووتیان لە هەڵۆ دەچێت، ئازان، یان ئەوانەی لە ڕوخساری مانگا دەچن تەمبەڵن. هەرچەندە ئەم بۆچوونانە ئێستا وەک سەرەتایی و نادرووست سەیر دەکرێن، بەڵام بۆ ئەو سەردەمە هەوڵێکی مەعریفی بووە بۆ تێگەییشتن لە سرووشتی مرۆڤ.
لە شارستانیەتی ئیسلامیشدا، ئەم زانستە لە ژێر ناوی "فِراسة" یان "قیافە" برەوی پەیدا کرد. زانایانی وەک فەخرەدینی ڕازی کتێبی تایبەتیان لەسەر نووسیوە و هەوڵیان داوە بنەمای لۆژیکی بۆ دابنێن، وایان دەبینی کە "دەرەوە ئاوێنەی ناوەوەیە". ئەم هونەرە لە ناو پادشا و سەرکردەکاندا گرنگییەکی زۆری هەبوو بۆ هەڵبژاردنی وەزیر و پیاوانی دەوڵەت.
خاڵی وەرچەرخانی ڕاستەقینە بۆ ڕوخسارناسی، سەدەی نۆزدەهەم بوو. لەم قۆناغەدا یۆهان کاسپەر لاباتەری سویسری بانگەشەی ئەوەی کرد کە ڕوخسارناسی زانستە و دەکرێت لە ڕێگەیەوە ئاستی زیرەکی و ڕەوشتی مرۆڤ دیاری بکرێت. کتێبەکانی لاباتەر بوونە پڕفڕۆشترین کتێبەکانی ئەورووپا و وای لێ هات خەڵک تەنها بەگوێرەی وێنەی یەکتر بڕیاری هاوسەرگیری یان هاوڕێیەتییان دەدا.
بەڵام ترسناکترین بەکارهێنانی ڕوخسارناسی لە لایەن سیزار لۆمبرۆزۆی ئیتاڵییەوە بوو، کە دامەزرێنەری "تاوانناسیی ئەنترۆپۆلۆژی" بوو. لۆمبرۆزۆ تیۆریی تاوانباری لەدایکبوو-Born Criminalی داهێنا. بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە تاوانباران کۆمەڵێک نیشانەی جەستەییان هەیە کە نیشانەی دواکەوتوویی پەرەسەندنی مرۆین؛ وەک "چەناگەی گەورە، نێوچەوانی داتەپیو، گوێچکەی نابەرانبەر، و باڵای نائاسایی".
ئەم بۆچوونە بووە هۆی کارەسات، چونکە دادگاکان بەبێ بەڵگەی پێویست و تەنها لەسەر شێوەی دەموچاو، حوکمی تاوانباربوونیان دەدا بەسەر خەڵکدا. ئەمەش دەرگای بۆ ڕەگەزپەرستی زانستی کردەوە.