کانونی یه‌که‌م 18, 2025 13:51 Asia/Tehran
  • ڕۆخسارناسی - بەشی دووەم

ڕوخسارناسی یان هونەری خوێندنەوەی دەموچاو (Physiognomy)، یەکێکە لەو بوارە دێرینانەی مرۆڤایەتی کە لە سەرەتای شارستانیەتەکانەوە جێگەی مشتومڕ بووە.

مرۆڤ هەمیشە هەوڵی داوە لەرێگەی ڕواڵەت و شێوەی دەرەوەی کەسانی دەوروبەرییەوە، نهێنییەکانی ناخ و کەسایەتییان ئاشکرا بکات. ئایا چاوەکان پەنجەرەی ڕۆحن؟ ئایا تەوێڵی بەرز نیشانەی زیرەکییە و شەویلگەی پان نیشانەی شەڕەنگێزییە؟ ئەم بابەتە بە درێژایی مێژوو لە نێوان خورافات، هونەر، بەکارهێنانی پزیشکی، تاوانناسی و دواجار پۆلێنکردنی وەک زڕزانست - Pseudoscience هاتوچۆی کردووە.

ڕوانگەی زانستیی سەردەم

لە ئێستادا، لە ناوەندە ئەکادیمییەکان و زانکۆکاندا، ڕوخسارناسی بەو شێوەیە کلاسیکییەی کە شێوەی ئێسک بەهای ئەخلاقی دیاری بکات بە زڕزانست پۆلێن دەکرێت. هۆکارەکەی ئەوەیە کە هیچ بەڵگەیەکی تاقیکاری نییە بیسەلمێنێت کەسێک لووتی درێژ بێت مەرجە درۆزن بێت.بەڵام، چیرۆکەکە لێرەدا کۆتایی نایەت. دەروونناسیی پەرەسەندن و بایۆلۆجی دەڵێن هیچ دوکەڵێک بەبێ ئاگر نییە. چەند لێکدانەوەیەکی زانستی هەن کە دەکرێت بەشێکی کەم لە ڕوخسارناسی پشتڕاست بکەنەوە، نەک بەشێوەی خوێندنەوەی غەیب، بەڵکو بەهۆی دوو هۆکارەوە: هۆرمۆنەکان و جینات.

١. ڕۆڵی هۆرمۆنەکان

زانست دەڵێت ڕێژەی بەرزی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن لە کاتی گەشەکردنی منداڵدا، دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە ئێسکی دەموچاودا (شەویلگەی پانتر، نێوچەوانی ئەستوورتر و ئێسکی ڕوومەتی دەرپەڕیو). هەمان هۆرمۆن بەرپرسە لە هەڵسوکەوتی "سەرکێشانە، دەسەڵاتخوازی و شەڕەنگێزی". کەواتە لێرەدا پەیوەندییەک درووست دەبێت: ئەو کەسەی ڕوخساری پڕە لە نیشانەکانی تێستۆستیرۆن، ئەگەری هەیە (تەنها ئەگەری هەیە) هەڵسوکەوتیشی زیاتر مەیلی بەلای زاڵبووندا هەبێت.

٢. پاشماوەی پێشبینیی

لێکدانەوەیەکی تری دەروونناسی دەڵێت: کاتێک کۆمەڵگا پێوایە کە خاوەن دەموچاوە خڕ و منداڵانەکان بێتاوانن ئەوا خەڵک بە نەرمی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن، لە ئەنجامدا ئەو کەسانە بە ڕاستی کەسایەتییەکی نەرم و بێتاوانیان بۆ درووست دەبێت. بە پێچەوانەوە، ئەگەر کەسێک سرووشتی دەموچاوی وەک توڕە دەرکەوت، خەڵک لێی دوور دەکەونەوە، ئەمەش وای لێ دەکات ئەویش پەرچەکرداری توندوتیژی هەبێت. واتە ڕوخسار ڕاستەوخۆ کەسایەتی درووست ناکات، بەڵکو شێوازی مامەڵەی کۆمەڵگایە کەسایەتییەکە دەخاتە سەر ڕێچکەیەک کە لەگەڵ ڕوخسارەکەیدا بگونجێت.

زمانی جەستە

پێویستە لێرەدا هێڵێکی ئەستوور لە نێوان ڕوخسارناسیی و زمانی جەستە بکێشین. ئەوەی دووەمیان زانستێکی تەواوە و پۆلیس و دەزگا هەواڵگرییەکان بەکاری دەهێنن. ئەمەیان پەیوەندی بە شێوەی رووخسارەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە جوڵەی ماسولکەکانەوە هەیە. زانا پۆڵ ئێکمان سەلماندی کە دەربڕینەکانی (توڕەیی، ترس، بێزاری، خۆشی، شۆکبوون...) لە نێوان هەموو مرۆڤەکانی دونیادا هاوبەشن و بۆماوەیین. ئەم بەشە زانستە چونکە باسی دۆخی ساتەوەخت دەکات نەک کەسایەتیی جێگیر.

کورتە نموونەیەک

وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، ئەم نیشانانە مەرج نین و تەنها ئەگەری لێکەوتەن بەپێی بیردۆزە کلاسیکییەکان:

نێوچەوانی بەرز: زۆرجار وەک نیشانەی توانای فکری بەرز و بیرکردنەوەی ئەبستراکت لێکدراوەتەوە (ئەمەش ڕەنگە پەیوەندی بە قەبارەی مێشکەوە هەبێت لە ڕووی پەرەسەندنەوە).

ڕوخساری پان بەرامبەر درێژ: لە توێژینەوە نوێکاندا دەرکەوتووە ئەو بەڕێوەبەرانەی (CEO) کە ڕوخساریان پانترە، کۆمپانیاکانیان داهاتی دارایی باشتریان هەیە بەڵام بڕیاری مەترسیداریش دەدەن، بەهۆی بەرزی ڕێژەی ململانێ لە کەسایەتییاندا.

دووریی نێوان چاوەکان: دەوترێت ئەوانەی چاوەکان لە یەک نزیکە وردبینن و گرنگی بە وردەکاری دەدەن، ئەوانەی دوورە وێنە گەورەکە دەبینن و ئاسانتر لێدەبوورن.

مەترسییەکانی ژیری دەستکرد لەسەر ڕووخسارناسی

لە سەردەمی مۆدێرندا، ڕوخسارناسی بە جلوبەرگێکی دیجیتاڵییەوە گەڕاوەتەوە. ئێستا سیستەمەکان هەوڵی ئەوە دەدەن لە ڕێگەی ئەلگۆریزمەوە پێشبینیی ئەوە بکەن ئایا کەسێک ئەگەری هەیە تاوان بکات؟ یان ئایا بۆ کارێک گونجاوە؟ توێژینەوەیەک لە زانکۆی ستاندفۆرد دەنگدانەوەی گەورەی درووست کرد کاتێک بانگەشەی ئەوەی کرد ئەلگۆریزمێک دەتوانێت بە ڕێژەی زیاتر لە ٨٠٪ ئاراستەی سێکسی یان سیاسی کەسێک دیاری بکات تەنها بە وێنەیەکی ڕوخسار.ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە، چونکە جارێکی تر مرۆڤایەتی دەباتەوە بۆ سەردەمی (لۆمبرۆزۆ) و ئەگەری هەیە خەڵک بەهۆی شێوەی دەرەوەیانەوە لە کار و مافەکانیان بێبەش بکرێن.

دەرەنجامڕوخسارناسی گەشتێکی درێژ و ئاڵۆزی بڕیوە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. وەک زانستێکی پوخت کە بتوانێت "کەسایەتی" و "ڕەوشت" لەسەر ئێسکی دەموچاو دیاری بکات، ڕەتکراوەتەوە و دەچێتە خانەی زڕزانست. هیچ کەسێک خراپ یان باش لەدایک نابێت بەهۆی ئەوەی لێوی ئەستوورە یان چەناگەی تیژە. بەڵام وەک بەشێک لە کاریگەرییە بایۆلۆژییەکان و هۆرمۆنەکان لەسەر گەشەی جەستە و هەڵسوکەوت، هێشتا بابەتی توێژینەوەی زانستییە.گرنگترین وانە کە لەم بابەتەوە فێری دەبین ئەوەیە: ڕوخساری مرۆڤ کتێبێکە زۆر زانیاری تێدایە دەربارەی تەندرووستی، جینات و سۆزی ئەو کەسە، بەڵام هەرگیز هەموو چیرۆکەکە نادڕکێنێت. مرۆڤ زۆر ئاڵۆزترە لەوەی تەنها بە پێوانەی ئەندامەکانی لە قاڵب بدرێت.

سەرپەیڤ