سەرۆکی پارتی سەعادەتی تورکیا بوو بە کاندیدای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی
سەرۆکی پارتی سەعادەتی تورکیا ڕایگەیاند، خۆی کاندید کردووە بۆ بەشداربوون لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەو وڵاتە.
بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ وتەلەفزیۆن لە ئانکارا، هاوکات لەگەڵ دەس بەکارکردنی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە رۆژی سێ شەممەوە بۆ ناونووسینی بەربژارانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئەو وڵاتە، تەمەل کاراملا ئۆغڵوو سەرۆکی پارتی سەعادەتی تورکیا ئامادەیی خۆی بۆ بەربژارەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی تورکیا ڕاگەیاند.
تائێستا رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆکی پارتی دادوگەشە، مەرال ئاکشنەر سەرۆکی پارتی تازە دامەزراوی نیک، دۆغو پرینچک سەرۆکی پارتی وەتەنی تورکیاو تەمەل کاراملا ئۆغڵوو سەرۆکی پارتی سەعادەت، ئامادەیی خۆیان وەک کاندیدای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لەو وڵاتە ڕاگەیاندووە.
بەپێی یاساوڕێساکان، هەرکام لە کاندیداکانی پۆستی سەرۆک کۆماریی تورکیا کە توانیان لانیکەم سەتا پەنجا لەگەڵ یەکی دەنگە بەدەست هاتووەکانی هەڵبژاردنی٢٤ی ژۆئەنی٢٠١٨ بەدەست بێنێ، وەک سەرۆک کۆماری تورکیا هەڵدەبژێردرێ دەنا ئەو دوو بەربژارەی توانیان زیاترین ڕێژەی دەنگەکان بەدەست بێنن، ڕێ دەبەنە خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکان.