وریاییدانی تورکیا بە ئەمریکاو ڕووسیا سەبارەت بە جێ بەجێ کرانی بەڵێنیەکان
وتەبێژی سەرۆک کۆماریی تورکیا وتی: ئەمریکاو ڕووسیا وەک لایەنەکانی ڕێککەوتنی١٧ی ئۆکتۆبر و ڕێککەوتنی سوچی لە٢٢ی ئۆکتۆبر لەگەڵ ئانکارا، دەبێ پێبەندی وادەکانیان بن سەبارەت بە ناوچەی هێمن لە باکوری سوریا.
بەپێی ڕاپۆری ماڵپەڕی خەبەرئانلاین، "ئیبراهیم کالین" رۆژی چوارشەممە ئەو قسانەی پاش دانیشتنی کابینەی حکومەتی تورکیا لەئانکارا هێنایە ئاراوە، و وتی: رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە لەگەڵ سەرۆکانی فەڕانسە، ئاڵمان وئینگلیز پاش کۆبوونەوەکانی ڕێکخراوی پەیمانی ئەتلەنتیکی باکور"ناتۆ" (دووهەم هەتا چوارەمی دیسەمبەری٢٠١٩) دانیشتنی چوارقۆڵی بەڕێوە دەبا.
وتەبێژی سەرۆک کۆماریی تورکیا لێدوانەکانی ئەم دواییەی مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەمەڕ یاسایی بوونی شارۆچکەسازیی رژیمی زایۆنی لە سەرزەوینە داگیرکراوەکانی شەرمەزار کردو وتی: ئانکارا قەت ناچێتەژێرباری داگیرکرانی سەرزەوینی فەلەستین لە لێواری ڕۆژاوا، قودس، کەرتی غەززە یان شوێنێکی دیکە.
داوای ئەمڕۆی ئیبراهیم کالین لە ڕووسیا و ئەمریکا بۆ پێبەندبوون بە ڕێککەوتنیان لەگەڵ ئانکارا ڕۆژێک پاش هەڕەشەی "مەولود چاووش ئۆغڵوو" وەزیری دەرەوەی تورکیا هاتووەتەئاراوە.
چاووش ئۆغڵوو دوێنێ سێ شەممە ١٩ی نۆڤمبەر ڕایگەیاند، ئەگەر ڕووسیاو ئەمریکا پێبەندی بەڵێنیەکانیان لەبارەی باکوری سوریاوە نەبن، تورکیا هێرش بۆسەر ئەو ناوچە دەس پێ دەکاتەوە.
دەسدرێژکاریی سەربازیی تورکیا بۆسەر باکوری سوریا رۆژی چوارشەممە بەبیانووی "بەرەنگاربوونەوەی ترۆریزم" و"پاکتاوکرانی سنوری سوریاو تورکیا" لە ئامادەبوونی نەیارانی کوردی حکومەتی تورکیا کە ئانکارا ئەوان بەترۆریست دەزانێ، دەس پێ کرا.
ئەو دەسدرێژکارییەی تورکیا پاش ڕێککەوتنی ئانکارا لەگەڵ واشنگتۆن و پاشان لەگەڵ مۆسکۆ کۆتایی پێهات بەڵام ئێستا تورکیا جارێکی دیکە هەڕەشەی دەسپێکردنەوەی دێنێتەئاراوە.