ئەردۆغان: ئامانجی تورکیا، داگیرکردنی خاکی سوریا نییە
https://kurdish.sahartv.ir/news/تورکیا-i377944-ئەردۆغان_ئامانجی_تورکیا_داگیرکردنی_خاکی_سوریا_نییە
سەرۆک کۆماری تورکیا جارێکی دیکە بەپاسادانی لەشکرکێشیی سوپای ئەو وڵاتە بۆ سوریا، وتی: ئامانجی تورکیا، داگیرکردنی خاکی سوریا نییە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئادار 09, 2020 06:33 Asia/Tehran
  • ئەردۆغان: ئامانجی تورکیا، داگیرکردنی خاکی سوریا نییە

سەرۆک کۆماری تورکیا جارێکی دیکە بەپاسادانی لەشکرکێشیی سوپای ئەو وڵاتە بۆ سوریا، وتی: ئامانجی تورکیا، داگیرکردنی خاکی سوریا نییە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئانادۆڵ، رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رۆژی یەکشەممە لە ئەستەمووڵ بەئاماژە بە ڕێککەوتنی پێنج شەممەی ڕابردووی تورکیاو ڕووسیا لە مۆسکۆ ئیدیعای کرد، ئامانجی ئانکارا لە ئامادەبوون لە خاکی سوریا، بوارخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی پەناخوازانی سوری بۆ شارەکانیان و پاراستنی ئاسایشی سنورەکانی تورکیایە.

سەرۆک کۆماری تورکیا بەدەربڕینی ڕەزامەندیی لە ڕێککەوتنی ئەم دواییەی مۆسکۆ، ڕایگەیاند: ئەگەر حکومەتی سوریا، ئاگربڕ لەبەرچاو نەگرێ، تورکیا هێزە سوریەکان بەقورسی دەداتە بەر پەلامار.

ئەردۆغان پێشتریش ئیدیعای کردبوو، ئامادەبوونی سەربازیی تورکیا لە سوریا بۆ داگیرکردنی ئەو وڵاتە نییە، بەڵکوو بۆ بەرەوڕووبوونەوەی گرووپە ڕەشەکوژەکانە.

ئەردۆغان لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەشی کردە ڕەخنەگرتن لە هاوپەیمانە ڕۆژاواییەکانی و وتی: لەبەرچی تائێستا کەس لە رۆژاوای جاڕدەری مافی مرۆڤ، ئازار و مەینەت کێشانی بەسەدان هەزار پەناخواز کە بۆ گەیشتن بە ئوروپا هەوڵ دەدەن، شەرمەزار نەکردووە.

لێدوانی سەرۆک کۆماری تورکیا لەکاتێکدایە کە سوپای ئەو وڵاتە لە نۆی ئۆکتۆبری ساڵی ڕابردووی زایینیەوە پەلاماری بەرفراوانی بۆسەر خاکی سوریا ئەنجام داوە.

شیاوی ئاماژەیە دەسدرێژکاریی ئاشکرای سەربازیی تورکیا بۆسەر خاکی سوریا هاوکات بووە لەگەڵ جێ بەجێ کرانی هەڵمەتی پاکتاوکرانی پارێزگای ئیدلەبی سوریا لە بوونی ترۆریستان بۆ وێنە گرووپ و لایەنەکانی جێی داکۆکیی حکومەتی ئانکارا لەلایەن سوپای سوریاوە.