ئاب 07, 2020 19:57 Asia/Tehran
  • فەرەنسا بنکەیەکی دەریایی و ئاسمانی بۆ کۆنترۆڵ کردنی تورکیا لە قوبریس دادەمەزرێنێت

لە کاردانەوەیەک لە بەرامبەر ھەڕەشەکانی تورکیا، فەرەنسا بۆ داکۆکی کردن لە وڵاتی قوبریس ،بنکەیەکی دەریایی و ئاسمانی لەو وڵاتە دادەمەزرێنێت.

میدیاکانی وڵاتی قوبریس باسی ئەوەیان کردووە کە، فەرەنسا دەیەوێت ئاستی هەماهەنگی سەربازیی خۆی لەگەڵ وڵاتی قوبریس بەرزکاتەوە، بەتایبەتی لە پاش سەردانەکەی «نیکۆس ئەناستاسیادیس»ی سەرۆکی قوبریس بۆ فەرەنسا. 

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە فەرەنسییەکان لە ئێستادا گرنگی بە بەندەر و بنکە ئاسمانییەکانی قوبریس ددەن و بە نیازن جێگە پێی خۆیان لەناوچەکەدا قایم بکەن .

کاربەدەستانی قوبریس پێشوازی لەو هەنگاوەی فەرەنسا دەکەن بۆ ئەوەی ئامادەبوونێکی سەربازیی گەورە و بەهێزی لەناوچەی «بەندەری لیماسۆس» دا هەبێت و ئینجا لەبەرانبەردا پاریس بەڵێنی ئەوە بەو وڵاتە دەدات کە بەرامبەر ھێرشی وڵاتێکی سێھەم بەرگری لێبکات.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، باس لەوەش دەکرێت، کە ڕێککەوتنێکی تایبەت لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا واژۆکراوە، کە بە گوێرەیەوە جگە لە بەکارهێنانی «بەندەری لیماسۆس» لەلایەن هێزی دەریایی فەرەنساوە، پاریس بتوانێت بنکەی ئاسمانی «ئەندریاس پاباندریۆ» لە«باڤۆس»یش بەکاربهێنێت.

شارەزایان باس لەوە دەکەن، کە هۆکاری گرنگیپێدانی فەرەنسا بە قوبرس بۆ گرنگی ژیۆسیاسیی ناوچەکە و ئەو هەوڵانە دەگەڕێتەوە، کە پاریس دەیەوێت رۆڵی پێشەنگایەتی لەناوچەکەدا بەدەستبهێنێتەوەو ھەروەھا لەو ململانێیەی وا بەهۆی هەوڵەکانی ئانکارا بۆ گەران و دۆزینەوەی سەرچاوەکانی نەوت و وزە لە ئاوەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەراست لەنێوان تورکیا و فەرەنسا دروست بووە، سنوورێک بۆ زیادبوونی هەژموونی تورکیا لەناوچەکەدا دابنرێت.

سەرپەیڤ