ئه‌یلوول 09, 2020 13:21 Asia/Tehran
  • هاوسەری سەڵاحەددین دەمیرتاش داوای لە سەرۆکی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کردووە کە بۆ تێگەییشتن لە ڕاستییەکان سەردانی ئامەد بکات

«باشاک دەمیرتاش» هاوسەری «سەڵاحەددین دەمیرتاش» داوای لە «رۆبێرتۆ سپانۆ»ی سەرۆکی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا کردووە کە بۆ تێگەییشتن لە ڕاستییەکان بەس بە بیستنی چەواشەکارییەکانی کاربەدەستانی دەوڵەت بەسەندە نەکات و سەردانی ئامەدیش بکات.

«باشاک دەمیرتاش» هاوسەری «سەڵاحەددین دەمیرتاش»ی ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان، کە هاوسەرەکەی ماوەی چوار ساڵە لە زینداندایە،لە «رۆبێرتۆ سپانۆ»ی سەرۆکی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا  کە ئێستاکە لە تورکیادا بەسەر دەبات داوای کردووە کە سەردانی ئامەد بکات  ھەتا لەنزیکەوە و بەدوور لە گێڕانەوەی فەرمیی دەوڵەت ئاگای لە دۆخی ناوچەکە بێت.

باشاک لە تویتێکدا ڕوو لە سەرۆکی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا  ڕایگەیاندووە: لە ئێستادا چاوتان بە سەرۆکی تورکیا و بەپرسە حکومییەکان کەوتووە دڵنیا بن کە هیچ بڕیارێکی دادگاکەی ئێوە جێبەجێناکەن.

باشاک لە توییتەکەی دا هەروەها نووسیویەتی: لەم دواییە زانیومە ئێوە لەگەڵ قەیومی شارەوانیی ماردین و سەرۆکی لقی پارتی دادوگەشەی شارەکە کۆبوونەتەوە، ئەو شارەی دراوسێی ئامەدە، بانگهێشتتان دەکەم بۆ ئاگاداربوون لە پرسی گیراوە سیاسییەکانی پارتی دیموکراتی گەلان، لەسەروویانەوە «سەڵاحەددین دەمیرتاش»ی هاوسەرم، سەردانی شاری ئامەدیش بکەن.

«باشاک دەمیرتاش»ی هاوسەری «سەلاحەددین دەمیرتاش» وێڕای رەخنە گرتن لە «سپانۆ» کە خۆی وتەنی تەنیا گوێی لە تێڕوانینی فەرمیی دەوڵەت بۆ دۆخی تورکیا گرتووە، نووسیویەتی: ئەوەندە بەسە کاژێرێکی خۆتان تەرخان کەن بۆئەوەی گوێ لەمنیش بگرن ، بۆئەوەش دەمەوێت لە ئامەد میوانداریتان بکەم تا لە راستیی دۆخەکە ئاگادار ببنەوە.

«سەڵاحەددین دەمیرتاش» لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٦ وە دەستگیرکراوە، هەرچەندە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی داوای ئازادکردنی ناوبراوی کردووە و دەستگیرکردنی  بەنایاسایی زانیوە، کەچی تورکیا ئامادە نییە بڕیارەکەی دادگای ئەوروپا جێبەجێ بکات.

سەرپەیڤ