هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان: ئەرکی ھەموو ئۆپزیسیۆنی ئەم وڵاتە کەوتووەتە سەر شانی ئێمە
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند: تەنیا پارتێک لە تورکیا کە هەموو بەرپرسیارییەتییەکانی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینەی گرتوەتە ئەستۆ، پارتی دیموکراتی گەلانە.
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەمیانی پانێڵی «سیستمی هاوسەرۆکی لە دوێنێوە ھەتا ئەمڕۆ» لە شاری دیاربەکری تورکیا ڕایگەیاند: ئامانجمان ئەوەیە کە لە سیاسەت و ژیاندا یەکسانی تەواو بۆ ژنان دەستەبەر بکەین و واش ھەڵدەگرێ کە ئافرەتان لە ناوەندەکانی بڕیاردان رۆڵی گرینگ و چالاکیان هەبێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ژن تەنیا دەنگدەر نییە، بەڵکو پێویستە لە هەمان کاتدا بەیەکسانی هاوشێوەی پیاو هەر لە مەڵبەندەکانی ناو پارتەوە تا پەرلەمان و سەرۆکایەتی شارەوانییەکان خۆی کاندید بکات و هەڵبژێردرێت، مێژوی خەباتی ئێمە بەم شێوەیە دەستیپێکرد، تەنیا پارتێکیش کە هەموو بەرپرسیارییەتییەکانی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینەی لەم وڵاتەدا گرتۆتە ئەستۆ، پارتی دیموکراتی گەلانە.
بوڵدان باسی لەوەشکرد، پێویستە هەموان ببینن و بزانن سیاسەت بەبێ ژن نابێت و ئێمە رۆژبەرۆژ دژ بە هەموو گوشار و بەرتەسک کردنەکان بۆسەر پارتەکەمان و ژنان بەهێزتر دەبین، لە ئەمڕۆدا بوینەتە هێزێکی پێکهێنەری دەسەڵاتی دیموکرات، پێویستە بەباشی ئەم هێزەی ئێمە بناسێندرێت و هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ سەرکەوتنمان.