ئەردۆغان: لە ئیسرائیل نزیک دەبینەوە
سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت، دوای نزیکبوونەوە لە ئیمارات، تورکیا هەنگاوی هاوشێوە بۆ نزیکبوونەوە لە ئیسرائیل و میسر دەنێت.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، تورکیا هەنگاو دەنێت بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میسر و ئیسرائیل هاوشێوەی ئەوەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لەگەڵ ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو گیرایەبەر و “بەرهەمدار بوو”.
بەپێی میدیاکانی تورکیا، ئەردۆغان لەمیانەی گەشتەکەیدا بۆ تورکمانستان لێدوانیداوە و وتی، “ئیمارات پلانێکی وەبەرهێنانی بە بڕی 10 ملیار دۆلار داناوە، لەڕێی ئەو پلانەوە دەتوانین ئایندەیەکی تەواو جیاواز بونیادبنێین”، ڕوونیشیکردەوە لە شوباتی داهاتوو سەردانی ئیمارات دەکات.
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا دەربارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تەلئەبیب و قاهیرە، ئەردۆغان نەیشاردووەتەوە، “هاوشێوەی ئەو هەنگاوەی گیرایەبەر لەگەڵ ئیمارات، هەنگاوی هاوشێوە لەگەڵ ئەوانی دیکە دەگرینەبەر”.
هەفتەی ڕابردوو ئەنقەرە و ئەبوزەبی ڕێککەوتنێکیان بە بەهای ملیاران دۆلار واژووکرد، ئەردۆغان هەنگاوەکەی بە ڕاگەیاندنی “سەردەمێکی نوێ”ی پەیوەندییەکان وەسفکرد.
لەکاتێکی پێشتری ئەم مانگەدا سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی دەگمەنی لەگەڵ نفتالی بینیت، سەرۆک وەزیرانی رژێمی زایۆنی ئەنجامدا، پاش ئازادکردنی دوو هاوسەری ئیسرائیلی لەلایەن تورکیاوە کە بەهۆی وێنەگرتنی یەکێک لە کۆشکەکانی سەرۆکایەتیی تورکیا دەستبەسەرکرابوون.