نیسان 28, 2022 07:48 Asia/Tehran
  • ئەردوغان: پێنج سەربازمان کوژراوە، ئۆپراسیۆنەکەمان بەردەوام دەکەین

«رەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند: لەماوەی ١٠ رۆژی ئۆپراسیۆنی «چنگی-قفڵ» پێنج سەربازیان کوژراوەو بەم پێیە ئۆپراسیۆنی هێزە تایبەتییەکانیان دژی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەردەوام دەکەن.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «رەجەب تەیب ئەردوغان» لە مەراسیمێکی بەربانگدا بۆ ژمارەیەک لە نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئەستەمۆڵ باسی لەوەش کرد، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنی «چنگی-قفڵ»ی سوپای وڵاتەکەیان لە باکوری عێراق ، ٦٠چەکداری پەکەکە کۆتایی بەژیانیان هاتووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای وڵاتەکەیان لە ئۆپراسیۆنەکەی دژی پەکەکە بەردەوام دەبێت تا سەرجەم پێگەکانیان لەناو دەبەن، لەماوەی ١٠ رۆژی ئۆپراسیۆنی چنگی-قفڵیشدا پێنج سەربازیی وڵاتەکەیان کوژراون.

١٧ی نیسان سوپای تورکیا ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی نوێی لەژێر ناوی چنگی-قفڵ لە ناوچەکانی ئاڤاشین، زاپ و مەتینا لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دھۆک لە ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

سەرپەیڤ