تشرینی دووه‌م 13, 2022 10:40 Asia/Tehran
  • دادگاییکرانی سەرۆکی شارەوانی ئەستەمۆڵی تورکیا

«ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو»، سەرۆکی شارەوانی ئەستەمۆڵی تورکیا،دادگایی کرا.

هەوڵدان بۆ دەرکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی چالاکیی سیاسی بۆ «ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو»  سەرۆکی شارەوانی ئەستەمۆڵ، بەشێکە لە سیناریۆیەکی کۆن بۆ نەهێشتنی ڕکابەرە بەهێزەکان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا و نیشانەیەکی ڕوونی ملکەچبوونی دەسەڵاتی دادوەرییە بۆ حکومەتی تورکیا و دامەزراوە ئەمنییەکان.

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتووی ئەم وڵاتە لە ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ بەڕێوەدەچێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی شەممەی ئاژانسی هەواڵدەریی تەسنیم «ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو»، سەرۆکی شارەوانیی ئەستەمۆڵ کە وەک سیاسەتمەدارێکی گەنج و جەماوەری سەرنجی خەڵکی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، جارێکی دیکە بۆ دادگاییکردن لە دادگا ئامادەبووە.

پێشتر لەبەر نەخۆشیی دادوەرەوە دادگاییکردنی «ئیمام ئۆغڵو» بۆ جارێکی تر دواخرابوو، چاوەڕوانیش دەکرا بڕیارەکە دەربکرێت، بەڵام سەرۆکی شارەوانیی ئەستەمۆڵ  کە خۆی بۆ دادگاییکردنێکی نادادپەروەرانە و زیندانیکردن ئامادەکرد بوو،دیسانەوە دوای چاوەڕوانییەکی یەک دوو کاژێرە لەگەڵ ئەم وەڵامەدا ڕووبەڕوو بووەوە کە:لە ئێستادا دادگا ئامادە نییە و بڕیارەکە بۆ کاتێکی تر دوادەخرێت.

پارتی داد و گەشە بە سەرۆکایەتیی «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» گەلێک جار هەوڵی دا بەڵگەنامە و زانیاریگەلێک بخاتە ڕوو کە بە ھۆیەوە «ئیمام ئۆغڵو» بە گەندەڵیی دارایی تۆمەتبار بکات.بەڵام بەڵگەنامەکان بە ساختە دەرچوون. پاشان هەوڵیان دا پێوەبەسترانی «ئیمام ئۆغڵو» بە کونسوڵخانەی بەریتانیا وەک ڕیسواییەکی سیاسی و دارایی بخەنە ڕوو. کەچی ئەم یارییەش شکستی هێنا. ھەتا ئەوەی کە «ئیمام ئۆغڵو» لە وتارێکدا سەبارەت بە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردن وشەی گەمژەی بەکارهێنا. ئێستا داواکاری گشتیی کۆماری تورکیا بەنیازە ژیانی سیاسیی «ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو» ھەر لە بەر ئەم یەک وشەیە کۆتایی پێ بهێنێت. «ئیمام ئۆغڵو» لەبەردەم ڕۆژنامەنووساندا بەرگری لە خۆی کرد و وتی: مەبەستم لە وشەی گەمژە، خودی وەزیری نێوخۆ بوو، نەک ئەو دادوەرەی کە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە تورکیا لە ماوەی مانگەکانی ئەم دواییە یەکێک لە دەگمەنترین قەیرانە ئابوورییەکان تاقی دەکاتەوە. دابەزینی بەهای لیرە و هەڵاوسانی توند و دواتر هەژاری و بێکاری و زیادبوونی دابەشکاریی چینایەتی و بێتوانایی حکومەت لە کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکان، بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی جەماوەریی ئەردۆغان و پارتە دەسەڵاتدارەکەی.

سەرپەیڤ