ئەردۆغان بۆ دواجار دەبێتە کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری وڵاتەکەی
«ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، بۆ دواجار لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ژوئەنی ٢٠٢٣دا خۆی کاندید دەکات.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتیی تورکیا لە ساڵی داهاتوو بەڕێوەدەچێت و ئۆپۆزسیۆنی ئەم وڵاتە هیوادارە کۆتایی بە دەسەڵاتی نزیکەی ٢٠ ساڵەی پارتی داد و گەشەپێدان بەسەر حکومەتدا بهێنێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەلعەرەبیە ئەلجەدید، «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» سەرۆککۆماری تورکیا ڕۆژی شەممە لە پەراوێزی خستنەگەڕی پڕۆژەکان لە پارێزگای سامسون ڕایگەیاند: ئەمە دواجارە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کاندید دەبم.
ئەردۆغان وتیشی: لە ساڵی ٢٠٢٣ بە پاڵپشتی گەل بۆ دواجار دەبمە کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا و دەست دەکەین بە دروستکردنی یادی ١٠٠ ساڵەی تورکیا، دواتر ئەم ئاڵا دڵخۆشکەرە دەدەینە دەستی گەنجان.
گوتیشی: من لە پەنجا ساڵ لەمەوبەرەوە لە گۆڕەپانی سیاسیدا بووم و تەنیا بۆ خزمەتی گەل کارم کردووە، بەناوی خەڵکەوە قسەم کردووە و لەبەرتوڕە بوونی ئەوانەوە تووڕە بوومە.
بەپێی میکانیزمی نوێی تورکیا، کەسێک ئەوپەڕی دوو جار بۆی ھەیە وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت.
خولی پێنج ساڵەی سەرۆک کۆمارەتییەکەی ئەردۆغانیش لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٣ کۆتایی دێت و مشتومڕ لەسەر ئەوەی کە ئایا دەتوانێت جارێکی دیکە خۆی کاندید بکاتەوە، بەردەوامە.