هۆشداری دانی وەزیری ناوخۆی تورکیا بە باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە
وەزیری ناوخۆی تورکیا هۆشداری دایە باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە لەبەر سیاسەتی دوژمنکارانەی واشێنگتۆن دژ بە وڵاتەکەی.
بەگوێرەی ماڵپەڕی ڕۆژنامەی یەنی شەفەق، سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا بە باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرەی ڕایگەیاندووە؛هەموو باڵوێزەکانی ئەمریکا کە هاتبوون بۆ تورکیا تەنها بیریان لەوە دەکردەوە کە زیان بە تورکیا بگەیەنن و ئەم بابەتەش ساڵانێکی زۆرە یەکێکە لە پرسە گرنگەکان.
سۆیلو وتیشی: دیپلۆماتکارانی ئەمریکی باڵوێزی وڵاتانی دیکە لە تورکیا کۆدەکەنەوە و هەوڵ دەدەن بۆچوونی خۆیانیان بەسەردا بسەپێنن.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەمریکییەکان ئەوروپا بە ئاراستەیەک دا دەبن کە بۆخۆیان پێیان خۆشە.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر "سولەیمان سۆیلو" کاردانەوەی توندی بەرامبەر بە بڕیارەکەی ئەمریکا و هەشت وڵاتی ئەوروپی (ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئینگلتەرا، سویید، سویسرا، بەلژیکا، هۆڵەندا و ئیتاڵیا) سەبارەت بە داخستنی کاتیی کونسوڵخانەکانیان لە تورکیا بە بیانووی مەترسی ئاسایشتی، پیشان دا و ئەم وڵاتانەی بە دەستپێکردنی شەڕی دەروونیی دژی تورکیا تۆمەتبار کردووە.