ئادار 22, 2023 17:33 Asia/Tehran
  • جەختی ئەردۆغان لەسەر ڕاگیرانی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ناوچە فەلەستینی نشینەکان

سەرۆک کۆماری تورکیا خوازیاری ڕاگیرانی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنی دژ بە ناوچە فەلەستینی نشینەکان بوو.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «ڕەجەب تەیب ئەرغان» سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی سێشەممە لە وتووێژێکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ «ئیسحاق هێرتزۆگ» سەرۆکی ڕژێمی زایۆنی خوازیاری ڕاگیردرانی هێرشەکان لە سەرزەوییە داگیرکراوەکانی فەلەستین، بە تایبەت لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا بوو.

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، ئەردۆغان بە دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆی لە مەڕ پەرەسەندنی هێرش و کردەوەی توندوتیژ لە کەرتی ڕۆژئاوای چۆمی ئوردن، داوای لە سەرۆکی ڕژێمی ئیسرائیل کرد کە ورروژاندن و هەڕەشە لە دژی مزگەوتی ئەقسا وەک شوێنێکی مێژوویی و مەعنەوی ڕابگرێت.

ھەردووک لا لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بیروڕایان لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و تەلەبیب ئاڵوگۆڕ کرد و ئەردۆغان جەختی لەسەر نیازی تورکیا بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل کردەوە.

ئەنقەرە هەمیشە بانگەشەی پشتیوانی لە نەتەوەی فەلەستین دەکات لە ھەمبەر داگیرکاری و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنی، کەچی ئەم پشتیوانییە تەنیا بە قسەیە. تورکیا لە ساڵی ١٩٤٩دا دانی بە ڕژێمی زایۆنیدا نا و لەو کاتەوە پەیوەندییە نزیکەکانی نێوان هەردوولا لە بوارەکانی ئابووری و سەربازی دەستیپێکردووە.

سەرپەیڤ