ئەردۆغان: ڕێگە نادەین گۆڤارە نێودەوڵەتییەکان جڵەوکێشی سیاسەتە نێوخۆییەکانی تورکیا بکەن
سەرۆک کۆماری تورکیا وتی: وڵاتەکەی هەرگیز ڕێگە نادات سیاسەتی نێوخۆییەکانی لەلایەن گۆڤارە نێودەوڵەتییەکانەوە جڵەوکێش بکرێت.
«ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» ئەمڕۆ لە وەڵامی کردەوەی ئەم دواییەی گۆڤاری ئیکۆنۆمیستی بەریتانیا کە بە «دیکتاتۆر» ناوی بردووە، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هەرگیز ڕێگە بە جڵەوکێش کرانی سیاسەتە نێوخۆییەکانی بەو گۆڤارانە نادات کە ئامرازی ڕاپەڕاندنی زلهێزەکانی جیهانن.
گۆڤاری ئیکۆنۆمیست لە سەروبەندی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیادا ئەردۆغانی بە «دیکتاتۆر» وەسف کردووە.
ئەمەو لە لایەکی ترەوە لە کاتێکدا کە کەمتر لە دە ڕۆژ ماوە بۆ بەرپاکرانی یەکێک لە هەستیارترین هەڵبژاردنەکانی تورکیا، کۆمەڵێک لە شرۆڤەکارانی تورکیا لەو باوەڕەدان کە پارتی داد و گەشە و بە دیاریکراوی خودی ئەردۆغان ئامادە نین شکست قبوڵ بکەن و ئەگەر یارییەکە بدۆڕێنن لەوانەیە ھەموو شتێک بشێوێنن.
ئەو شەش پارتە ڕکابەرەی «ئەردۆغان» کە هاوپەیمانی میللەتیان پێکهێناوە و خۆیان لە سەروبەندی سەرکەوتن دەبینن، بۆ گەییشتنی ڕۆژی ھەڵبژاردن خەریکی ژماردنی چرکەکانن ، چونکو نەیارانی ئەردۆغان وەک زۆرێک لە هاووڵاتیانی تورکیا ئەم هەڵبژاردنە بە واتای گشتپرسییەک لە بارەی «ئەردۆغان» و سیاسەتەکانی لێک دەدەنەوە.
لە نێو خەڵکی ئاسایی تورکیادا بەردەوام ئەم ڕستەیەی «بوو ئیش، قەرەکوڵدا بیتەر» واتە «لە کۆتاییدا ئەم دۆسیەیە دەبرێتە بنکەی پۆلیس» دووپات دەبێتەوە.
لە ئێستاش دا هەمان ڕستە لەلایەن هەندێک لە شرۆڤەکارانی تورکەوە سەبارەت بە هەڵبژاردن بەکاردەهێنرێت. شرۆڤەکاری سیاسی تورکیا «عەلی ئێردی ئۆزتورک» لە ھەڵسەنگاندنێک دا لە ڕۆژنامەی «پۆلیتیک یۆڵ»دا نووسیویەتی: لە کۆتایی دا ڕێمان لە بنکەی پۆلیس دەکەوێت، ھەڵبەت هەموومان دەزانین کە ئێستا لەم وڵاتەدا پۆلیسێکی بێلایەن و پرۆفیشناڵمان نییەو ھەرهەموویان لەژێر فەرمانی پارتی دەسەڵاتداردان و لەوەناچێ لایەنی خەڵک بگرن.