May 06, 2023 21:22 Asia/Tehran
  • جەختکردنەوەی ئەردۆغان لەسەر بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنی دەستوەردەرانەی سوپای تورکیا

سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە دەستوەردەرانەی سوپای تورکیا کردەوە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵ، «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی سنووربەزاندنی سوپای تورکیا کۆتایی نەهاتووە و تەنیا چاوەڕێی کاتێکی گونجاون.

کوژرانی هاووڵاتیانی سڤیلی عێراقی و سووریا گەلێک جار لە مێژووی ئۆپەراسیۆنەکانی دەستوەردەرانەی سوپای تورکیا  تۆمار کراوە. تەنها لە هێرشی فڕۆکەشەڕکەرەکانی ئێف ١٦ی تورکیا بۆ سەر شاری حەلەب لە سوریا لە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، چەندین کەسی مەدەنی کوژران. ئەم کوشت و بڕانە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ڕەخنەی لێگیرا.

ئەردۆغان کە بەشداریی لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنیدا کردبوو، ڕەخنەکانی پشتگوێ خست و وتی: هەموو تیرۆریستان لە قەندیل (باکوری عێراق) کۆبوونەتەوە و لەوێوە چالاکی دەکەن، بەڵام ئەو ناوچەیەشیان بەسەردا وێران دەکەین.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕاپۆرتی ئەرێنی لەسەر ئەنجام و ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە دەستوەردەرانەکانی سوپای تورکیا و بارودۆخی ئابووری و پێشکەوتنی زانستی و پیشەسازی لە تورکیا بڵاودەکاتەوە و هەندێک لە چاودێران لێدوانەکانی ئەم دواییەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی  14ی مای دا بە ھاوپەیوەند دەزانن. زۆربەی دەرەنجامی ئەو ڕاپرسییانەی کە لە تورکیا ئەنجام دراون، ئاماژە بۆ شکستی ئەردۆغان کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان بەرامبەربە  کەمال کلیچدارئۆغڵو کاندیدی ئۆپۆزسیۆن لە هاوپەیمانی نەتەوەیی دەکەن.

سەرپەیڤ