بەڵێنی ئەردۆغان بۆ داڕشتنی دەستووری نوێی تورکیا دوای هەڵبژاردن
سەرۆک کۆماری تورکیا بەڵێنی دا کە دوای هەڵبژاردنی ئێستا داڕشتن و ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ بۆ ئەم وڵاتە لە بەرنامەی کارەکانی دا دەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی ئیرنا، «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» سەرۆک کۆماری تورکیا لە ڕێوڕەسمی ١٥٥ ساڵەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی حکومەتیی تورکیا، ئامانجی داڕشتنی دەستووری نوێی تورکیای بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە دەبێ بڕگەگەلێک بۆ گەرەنتیکردنی ئازادییە مەدەنییەکان و سەربەخۆیی زیاتری دەسەڵاتی دادوەری وڵات بھێندرێتە ئاراوە.
سەرۆک کۆماری تورکیا بە ئاماژەدان بە بەرزکردنەوەی ئاستی ستانداردی دیموکراسی لەم وڵاتەدا لە ڕێگەی پێناسەکردنەوەو زوڵاڵ کردنی پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکارو دادوەری، وتیشی: لەگەڵ هەموارکردنەوەی دەستوور لە ساڵی ٢٠١٧دا، سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری مسۆگەر کراو ئەم دامەزراوەیە لەو مشتومڕەی کە لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی ببووەوە، پارێزرا.
ئەردۆغان وێڕای داوا کردن لە نوێنەرانی دەسەڵاتی دادوەری بۆ داڕشتنی وەھا دەستوورێک، وتیشی: لە دەستووری نوێ و مەدەنیی تورکیادا خزمەتگوزاری و بەرپرسیارێتیی گرنگ دەسپێردرێتە دەسەڵاتی دادوەری.
سەرۆک کۆماری تورکیا بە ئاماژەدان بەوەی کە هەموارکردنەوەی ١٨ ماددەی دەستوور لە ساڵی ٢٠١٧دا یەکێک بوو لە چاکسازییە ئیدارییە گرنگەکانی مێژووی تورکیا، ڕاشیگەیاند کە لەم هەموارکردنەدا سیستەمی پەرلەمانی گۆڕاوە بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی و پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بەهێزتر بوو.
جێگای ئاماژەیە یەکەم دەستووری تورکیا لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی لە ساڵی ١٨٧٦ پەسەند کرا و لە ساڵی ١٩٠٨ پێداچوونەوەی بۆ کرا.