بە فەرمانی ئەردۆغان گۆڕانکاری لە پۆستی 73 پارێزگار لە تورکیا بە ناوچە کوردنشینەکانیشەوە دەکرێت
بە بڕیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا گۆڕانکاری لە پۆستی 73 پارێزگاری ناوچە کوردنشینەکان و بەگشتی لەتورکیادا کرا.
بڕیارەکە بەرەبەیانی دوێنێ (پێنجشەممە، 10-8-2023) بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوکرایەوە. بەگوێرەی بڕیارەکە لە 57 پارێزگادا پارێزگاری نوێ دەستبەکار دەبن و 16 پارێزگاریش کرانە پشکنەری پێشکەوتوو لە پارێزگاکاندا.
لە ناوچە کوردنشینەکان، پارێزگاری نوێ لە هەریەک لە پارێزگاکانی ئاگری، ئەردەخان، چەولیک، بەدلیس، ئەرزینجان، ئەرزەڕۆم، جۆلەمێرگ، ئیدر، مەرەش، قەرس، کیلیس، مەڵەتی، مێردین، مووش، سێرت، رووها، شرناخ و دێرسیم دەستبەکار بوون. بە گشتی گۆڕانکاری لە 73 پۆستی پارێزگارانی ناوچە کوردنشینەکان و تورکیا کراوە.
هەروەها پشکنەری پێشکەوتوو بۆ 16 پارێزگای ناوچە کوردنشینەکان و تورکیا دانران.
بەگوێرەی سیستمی حوکمڕانیی کۆماری تورکیا، پارێزگاران لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە دیاری دەکرێن و وەکو نوێنەری سەرۆک کۆمارن لە پارێزگاکەدا، بەڵام سەرۆک شارەوانییەکان لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن.