کانونی یه‌که‌م 18, 2023 11:30 Asia/Tehran

نوێنەری هەمیشەیی تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دامەزرانی ئاگربڕی خێرا لە غەززەی کرد.

سێدات ئۆنال، نوێنەری هەمیشەیی تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دوێنێ شەممە لە کۆبوونەوەی بەپەلەی فەلەستین کە لەسەر داوای گرووپی هاوکاری ئیسلامی و گرووپی عەرەبی لە کۆڕی گشتیی ئەم ڕێکخراوەیە بەڕێوەچوو، بە پێویستی زانی کە یارمەتی مرۆیی بەبێ بەربەست و بەڕادەی پێویست لە هەموو دەروازە سنوورییەکانەوە بگاتە دەستی خەڵکی غەززە و جەختی لەوەش کردەوە؛ تاکە ڕێگەی ڕێگریکردن لە توندوتیژی و ئازاری زیاتری خەڵکی غەززە، دامەزرانی ئاگربڕێکی خێرایە. ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە نزیکەی دە هەفتە تێپەڕیوە بەسەر دەسپێبوونی کارەساتی نامرۆیی غەززە، وتیشی کە تا ئێستا زیاتر لە ١٨ هەزار فەلەستینی شەهید بوونە، خەڵکێکی زۆر لە پەلاماری زایۆنییەکاندا بریندار بوونە و ژمارەیەکی زۆر و دیارینەکراویش لە ژێر داروپەردوودا ماونەتەوە.

نوێنەری تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، تاکە ڕێگا بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی و ئازاری زیاتر، ئاگربڕی خێرایە، چونکە سەرەکییترین بنەماکانی کەرامەتی مرۆیی لە غەززە بە تەواوەتی پشتگوێ دەخرێن، سزادانی بەکۆمەڵ و کۆچپێکردنی بەزۆرەملی جەنایەتی جەنگی دێنە ئەژمار. تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیش قبوڵکراو نییە و بێدەنگی لە بەرامبەر وەها دڕندەکاری و زوڵم و زۆری نەترسانە بە مانای پشتیوانی کردنی هەمەلایەنەی زاڵمان و دەستێدابوون لە زوڵم و زۆرەکانیانە.

سەرپەیڤ