پێکدادانی پاسێکی گەشتیاری لەگەڵ لۆرییەک لە تورکیا بە ١١ کوژراو
بەهۆی پێکدادانی توندی پاسێکی هەڵگری گەشتیاران لەگەڵ لۆرییەک لە پارێزگای مانیسای تورکیا، ١١ کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٧ کەسیش بریندار بوون کە دۆخی تەندروستیی یەکێک لە بریندارەکان ناجێگیرە.
ئەم ڕووداوە ئەمڕۆ لە جووتسایدی گەبزە - ئۆرهان گازی - ئیزمیر لە نزیکی بنکەی وەرگرتنی پارەی "ئاک هەسار"ی سەر بە پارێزگای مانیسا قەوماوە. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، پاسی گەشتیارەکانی کۆمپانیای "مای ڤۆڵد تور"، کە لە بورساوە بەرەو ئیزمیر دەچوو، لە ناوچەی باڵلیجە لە کامیۆنێکی داوە. پێکدادانەکە ئەوەندە تووند بووە کە پاسەکە هەڵگەڕاوەتەوە و لۆرییەکەش لە جادە ترازاوە. پارێزگاری مانیسا لە دوایین ڕاگەیەندراویدا ڕایگەیاندووە کە هەموو برینداران بۆ وەرگرتنی چارەسەری گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ناوچەکە و دۆخی تەندروستی یەکێک لە بریندارەکان ناجێگیرە. هێشتا هۆکاری سەرەکی ڕووداوەکە ڕانەگەیەندراوە و لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە لە ژێر چاودێری دەزگەی داد بەردەوامە.