نیگەرانی دەربڕینی پنتاگۆن لەوەی کە عەرەبستان سیستەمی موشەکی S-400ی لە ڕووسیا کڕیوە
وەزارەتی بەرەڤانیی ئەمریکا نیگەرانی دەربڕی بەرامبەر بەوەی کە عەرەبستان سیستەمی موشەکی S-400ی لە ڕووسیا کڕیوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕووسیا ئەلیەوم؛ "میشێل بالدانزا" وتەبێژی وەزارەتی بەرەڤانیی ئەمریکا شەوی پێنجشەممە وتی: ئەم وڵاتە نیگەرانە لەوەی کە عەرەبستان سیستەمی موشەکی S-400ی لە ڕووسیا کڕیوە.
هاوکات لەگەڵ سەفەری سەلمان بن عەبدولعەزیز پاشای عەرەبستان بۆ ڕووسیا، ڕێککەوتنی بەرایی سەبارەت بە کڕینی سیستەمی مووشەکیی دژە ئاسمانیی S-400ی ڕووسیا و هەروەها ساز کرانی لە عەرەبستان واژۆ و مۆر کرا.
پێشتریتش تورکیا گرێبەستێکی هەر لەو چەشنەی بۆ کڕینی سیستەمی مووشەکیی دژە ئاسمانیی S-400ی لەگەڵ ڕووسییا واژۆ و مۆر کرد کە بووە هۆی نیگەرانیی ئەمریکا.
سیستەمی مووشەکیی دژە ئاسمانیی S-400ی ڕووسیا توانای لێک کردنەوەی هاوکاتی سەد ئامانج و پێکانی هاوکاتی دوازدە ئامانج لە ناوچەیەکی ٤٠٠ کیلۆمەتریدا هەیە. ئەم ئامانجانە دەکرێ هەموو چەشنە فڕۆکە، مووشەکی کرووز و بالستیک بێ.
"مەلک سەلمان" پاشای عەرەبستان ڕۆژی پێنجشەممە لە سەرووی شاندێکەوە گەیشتە مۆسکۆ و لەگەڵ "ڤیلادیمیر پوتین"ی سەرۆک کۆماری ڕووسیا دیدار و وتووێژی کرد.