تشرینی دووه‌م 27, 2017 11:23 Asia/Tehran
  • پیونگ یانگ: چەکە ناڤۆکییەکانی کۆریای باکووری بەس سێرەیان بۆ ئەمریکا گرتووە

یاریدەری کۆگەی باڵای گەل و سەرۆکی دامەزراوەی یەکگرتنی کۆریای باکووری پێی داگرت:چەکە ناڤۆکییەکانی ئەم وڵاتە بەس سێرەیان بۆ ئەمریکا گرتووەو پێویست ناکات وڵاتانی دیکە لەم بارەیەوە هەست بە مەترسی بکەن.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی دووشەممەی هەواڵدەریی ئیرنا، ڕی جونگ هیوک یاریدەری کۆگەی باڵای گەل و سەرۆکی دامەزراوەی یەکگرتنی کۆریای باکووری بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند:کۆریای باکووری بەو چەکە ناڤۆکییانەی خۆی لە بەرامبەر ئەمریکادا بیمە کردووە.

یاریدەری کۆگەی باڵای گەل و سەرۆکی دامەزراوەی یەکگرتنی کۆریای باکووری وتیشی: پیونگ یانگ بەو چەکانەی کۆتایی هێناوە بە زاڵیەتیی ئەمریکاو ناوچەی ئاسیاو ئەقیانووسی ئارام.

کاربەدەستانی پیونگ یانگ پێشتریش گەلێک جار پێیان داگرتبوو کە کۆریای باکووری لە بەر هەڕەشەو گوڕەشەکانی ئەمریکا پێویستیان بە چەک و چۆڵی ناڤۆکییە.

ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکاو کۆریای باکووری لە ئەنجامی هەڵوێستی شەڕخوازانەی دۆناڵدترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا زیاتر لە هەرکاتێکی دیکە پەرەی سەندووە. ترەمپ گەلێک جار هەڕەشەی پەلاماری سەربازیی لە کۆریای باکووری کردووە.

واشێنگتۆن کە ڕۆڵێکی کارای لە هەڵکشانی ئاڵۆزییەکان لە نیمچە دوورگەی کۆریادا هەیە،بەردەوام داوای ڕاگیرانی تاقیکارییە سەربازی و ناڤۆکییەکانی کۆریای باکووری دەکات.بەڵام پیونگ یانگ زۆر جار جەختی کردووەتەوە کە هەتا ئەو کاتەی کە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی هەڕەشەکانیان دژی کۆریای باکووری بەردەوام کەن، ئەم وڵاتەش لە سەر بەهێز کردنی دەستەڵاتی سەربازی و توانایی پێش دەستانەی بەردەوام دەبێت.

سەرپەیڤ