کانونی یه‌که‌م 09, 2017 12:26 Asia/Tehran
  • تەریک خرانەوەی بەتەواوەتی ئەمریکا لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایش بەتەوەری قودس

ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان دوێنێ هەینی دانیشتنێکی بەپەلەی سازکرد بۆ تاووتوێی بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەبەرەسمی ناسینی شاری قودس وەک پێتەختی رژیمی زایۆنیستی.

لەو دانیشتنەدا، ئەمریکا بەتەواوەتی تەریک خرابۆوەو بەشی هەرەزۆری ئامادەبووان لە نەیارەتی کردن لەگەڵ بڕیاری ئەو وڵاتە سەبارەت بە قودس، قسەیان کرد.

ئەو دانیشتنە بەپەلەو نائاساییە لەسەرداوای زیاتر لەنیوەی ئەندامانی ئەنجومەن پێکهات و نوێنەرانی رژیمی زایۆنیستی وئۆردۆنیش لەبەرهاوپێوەند بوون بە پرسی کۆڕەکە، تێیدا ئامادەبوون.

نیکۆلای ملادینۆف ڕێکخەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەکان لەڕەوتی سازانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەدەسپێکی ئەو کۆڕە، وتی: بڕیاری ترەمپ دەتوانێ ببێتە مایەی پێکهاتنی"زنجیرەیەکی مەترسیدار لە کردە یەکلایەنەکان" و چوونەسەری توندوتیژی لەناوچەدا.

ئولوف سکووگ نوێنەری سویدیش لەو دانیشتنەدا وتی: کردەی ترەمپ لەمەڕ بەڕەسمییەت ناسینی قودس وەک پایتەختی رژیمی زایۆنیستی، بەپێچەوانەی بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکانە.

عەمر ئەبووعەتا، نوێنەری میسریش لەو کۆڕەدا جەختی کرد: قودس هەروا داگیرکراوە.

مەتیۆ رایکرافت نوێنەری هەمیشەیی بەریتانیا  لەڕێکخراوی نەتەوەکانیش لەو دانیشتنەدا بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە لەندەن هیچ پلان وبەرنامەیەکی بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانەکەی بۆ قودس نییە، وتی: "بەریتانیا نەیاری بڕیارەکەی ئەمریکایە".

لەدرێژەدا، فرانسۆا دێلاترەی نوێنەری فەڕانسە وتی: "پاریس لەبڕیارەکەی ئەمریکا نیگەران و بەداخە".

واسیلی نەبنزیا باڵوێزی ڕووسیا لە ڕێکخراوی نەتەوەکانیش لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە وڵاتەکەی لە کردەی ترەمپ بەتوندی نیگەرانە، وتی: ئەو بڕیارە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکا.

نوێنەری چینیش لە درێژەدا نیگەرانی دەربڕی لە بڕیارەکەی ئەمریکا.

هەروەها نوێنەرانی ئیتالیا، ئۆرۆگۆئە، سێنێگال، بولیڤی، ئەتیۆپی، قەزاقستان، ئۆکراین، ژاپۆن و ئۆردنۆنیش لەو دانیشتنە نەیارەتیان کرد لەگەڵ بڕیاری ترەمپ و بەجێی نیگەرانیان زانی.

ریاز مەنسوور نوێنەری فەلەستینیش لەو دانیشتنەدا بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە قودس، هێڵی سووری فەلەستینییەکانە، وتی: قودس هەردەم دڵی فەلەستینییەکان بووەو دەشبێت. بەڵام نیکی هەیلی نوێنەری ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوەکان لەو دانیشتنەدا بێ گرینگیدان بە نیگەرانییەکانی کۆمەڵگای جیهانی لەکردەی بێ ئاوەزانەی ترەمپ لەڕاگەیاندنی قودس وەک پایتەختی رژیمی زایۆنیستی، پێی داگرت: واشنگتۆن ڕێگەنادات ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ ئیسرائیل ڕێوشوێن دیاری بکات.

دەنی دانۆن نوێنەری رژیمی داگیرکەری قودس لە ڕێکخراوی نەتەوەکانیش کە تەنیا لایەنگری نیکی هەیلی لەو کۆڕە بوو، پەسنی بڕیارەکەی ئەمریکای دا.

لە کۆتایی ئەو دانیشتنەدا، نوێنەرانی فەڕانسە، ئاڵمان، سوید، بەریتانیاو ئیتالیا، لە کردەیەکی کەم وێنەدا لە بەیاننامەیەکی هاوبەش، بڕیاری ئەمریکا لەبارەی قودسیان بە پێچەوانەو لەدژ بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و بەبێ سوود لێکدایەوە.

ترەمپ، رۆژی چوارشەممە سەرباری نەیارەتییە بەرفراوانە ناوچەیی و جیهانییەکان ڕایگەیاند: ئەمریکا قودس وەک پایتەختی رژیمی زایۆنیستی بەڕەسمییەت دەناسێ. ترەمپ هەروەها داوای لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد، پێشەکیەکانی گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تەلەبیب بۆ بەیتولموقەدەس خۆش بکات.

زۆرێ لە وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش ئەو کردەی ترەمپیان شەرمەزار کرد.

بەیتولموقەدەس لەساڵی١٩٦٧ وە لە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە.

سەرپەیڤ