خۆشروو: داگیرکارییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ناوەندی قەیرانەکانی ناوچەی ڕوژهەڵاتی ناڤینە
نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان ، داگیرکارییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بە ناوەندی هەموو ئاڵۆزی و قەیرانەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین زانی و وتی : ئەم ڕاستییە ماوەیەکی زۆرە کەلەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە ناسراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، غوڵامعەلی خۆشڕوو، ڕۆژی پێنج شەممە لە کۆبوونەوەی نائاسایی کۆمەڵی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە قودس وتی : لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوو ڕژێمی زایۆنیستی بێ هیچ وەستانێک بەداگیرکردنی ناوچە فەلەستینیەکان و کوشتن و بێ ماڵ و حاڵ کردنی فەلەستینییەکان، تاوانی جۆربەجۆری ئەنجام داوە .
نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەکان وتیشی : لەم ڕێگایەدا، ئەمریکا لە ڕێی داکۆکی بێ شەرت و مەرجی خۆی بە هەر لەونێک یارمەتی ئیسرائیلی داوە.
خۆشروو وتیشی: بڕیاری نایاسایی ئەم دواییەی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ بەڕەسمی ناسینی قودس وەک پێتەختی ڕژێمی زایۆنیستی نیشانی دا ئەمریکا تەنیا بەنیازی زۆرتر بوونی بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە و هیچکات سەرنج نادات و ڕێزناگرێ لە مافی ڕەوای فەلەستینییەکان لەوان مافی دیاریکردنی چارەنووسیان .
کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنج شەممەی کۆمەڵی گشتیی ڕ ێکخراوی نەتەوەکان دوابەدوای هەوڵی ئەمریکا بۆ ڤیتۆ کردنی بڕیارنامەی پێشنیارکراوی میسر سەبارەت بە قودس لە ئەنجومەنی ئاسایش بەڕێوە چوو .
ئەمریکا شەوی سێ شەممە سەرباری دەنگی ئەرێی چوار ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش بەرامبەر بڕیارنامەی پێشنیار کراوی میسر، ئەم بڕیارنامەیەی ڤیتۆ کرد .
لە ڕەشنووسی ئەم بڕیارنامەیە ڕاگەیەندراوە هەر بڕیار و هەوڵێک کە بە مەبەستی گۆڕینی شووناس، ڕەوش یان داڕشتی ئێستای شاری قودس بێ ، کاریگەری مافەوانی نەبێت و دەبێ بە پێی بڕیارنامەکانی هاوپێوەندی نەتەوەیەکگرتووەکان، هەڵبوەشێتەوە.
ئەم ڕەشنووسە هەروەها داوا لە هەموو وڵاتان دەکات بەپێی بڕیارنامەی 478ی ئەنجومەنی ئاسایش، دووری بکات لە دامەزرانی نوێنەرایەتی دیپلوماتیک، باڵوێزخانە و کونسوڵخانە لە قودس و وێڕای پێبەند بوونی بە بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، هیچ کارێک بە پێچەوانەی ئەو بڕیارانە ئەنجام نەدات .
ترەمپ شەشەمی دیسەمبەر سەرباری نەیارەتی بەربڵاوی ناوچەیی و جیهانی ڕایگەیاند : واشینگتۆن قودس وەک پێتەختی ڕژێمی زایۆنیستی بەڕەسمی دەناسێ .
قودس کە مزگەوتی ئەقسا یەکەم ڕووگەی موسوڵمانانی تێدایە ، بەشی جیانەکراوەی فەلەستین و لە شوێنە گرینگەپیرۆزەکانی ئیسلام دێتە ئەژمار .
قودس لە ساڵی 1967ەوە لەلایەن ئیسرائیل داگیرکراوە.