پێداگریی ڕووسیا لە سەر ئەوەی کە هیچ دۆسیەیەکی دژ بە ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوونی نییە
باڵوێزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند؛ هیچ دۆسیەیەک دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوونی نییە.
بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسا؛ "واسیلی "نێبێنزیا" باڵوێزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاردانەوە بە بانگەشەی ئەمریکا لەمەڕ ئەوەی کە ئێران مووشەک دەنێرێ بۆ یەمەن، ڕاشکاوانە رایگەیاند؛ هیچ دۆسیەیەک دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوونی نییە و ئەو چەکانەی ئەمڕۆ هێزە یەمەنییەکان بەکاری دێنن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ڕابردوو.
نێبێنزیا بە ئاماژە بەوەی کە ئێران بە توندی بەڕێ کردنی چەک و چۆڵ بۆ یەمەن ڕەت دەکاتەوە، وتیشی: لە سەردەمی سەرۆک کۆمارەتیی "عەلی عەبدوڵڵا ساڵح" وڵاتانی زۆر پێکەوە ڕکابەرایەتییان دەرکرد بۆ ئەوەی بازاڕی چەکی یەمەن بگرنە دەست.
نۆڤەمبەری ڕابردوو یەکەی مووشەکیی سوپای یەمەن ڕایگەیاند کە مووشەکێکی بالستیکی دوورهاوێژی بەرەو دەڤەری ڕیاز تەقاندووە و ئامانجەکەی واتە فڕۆکەخانەی "مەلیک خالد"ی بە سەرکەوتوویی پێکاوە.
"نیکی هەیلی" نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ماوەیەک لەمەوبەر ڕایگەیاند کە ئەو مووشەکە هی ئێران بووە و داوای لە هاوتایانی خۆی لەئەنجومەنی ئاسایش کردبوو کە بۆ لە نزیکەوە بینینی پاشماوەکانی ئەو مووشەکە، سەردانی واشینگتۆن بکەن.
تۆمەتە بێ بنەماکانی ئەمریکا دژ بە ئێران سەبارەت بە تەیار کردنی گرووپە یەمەنییەکان لە کاتێکدا دێتە ئاراوە کە واشینگتۆن لە لایەن ناوەندەکانی مافی مرۆڤەوە وەبەر ڕەخنە و گازندەیەکی بەربڵاو کەوتووە لەبەر ئەوەی کە هێشتایش هەر درێژە دەدات بە فرۆشتنی چەکی کۆکوژ بە دەسدرێژکارانی سەعوودی.