سەرۆک کۆماری چین بۆ پێنج ساڵی دیکە لەپۆستەکەیدا مایەوە
سەرۆک کۆماری چین بۆ دووهەم خولی بەدوای یەک بوو بە ڕێبەری پارتی کۆمۆنیست و بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرایەوە.
بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ شەممەی ئاسۆشوەیتدپرێس، شی جین پینگ رۆژی ڕابردوو بەدەنگی زۆرینەی نوێنەرانی پەرلەمانی چین جارێکی دیکە بۆ خولێکی پێنج ساڵان وەک سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەو هەروەها ڕێبەری پارتی کۆمۆنیستی چین هەڵبژێردرا.
یەکشەممەی ڕابردوو پاش ئەوەی کە پەرلەمانی چین، مافی هەڵبژاردنی دووبارە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی دا بە شی جین پینگ، ناوبراو دەتوانێ بۆهەمیشە لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە.
شی جین پینگ لە یەکەم خولی پێنج ساڵانی خۆیدا کەمپەینی بەرفراوانی بەرەوڕووبوونەوەی گەندەڵکارییەکی ڕێکخست کە بەهۆیەوە، ژمارێکی زۆر لە بەرپرسانی پلەباڵای پارتی دەسەڵاتدار و حکومەت لەبەر دەستتێدابوونیان لە گەندەڵیی دراڤی لەسەر دەسەڵات لادران و خرانە گرتووخانە.
پەرلەمانی چین هەروەها وانگ کیشان لە بەرپرسانی سەرەکیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی و پرسە ئابوورییەکانی وەک یاریدەری شی جین پینگ سەرۆک کۆماری چین هەڵبژارد.