ڕووسیا: دەسڕاگەیشتن بەڕێککەوتن لەمەڕ پرسی کۆریای باکوور پێویستی بەکات هەیە
یاریدەری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتی: نزیکبوونەوەی دوو کۆریا لەیەکتری و هەروەها نزیکبوونەوەی پیونگ یانگ و واشنگتۆن پێویستی بەکات هەیە.
بەپێی ڕاپۆری کەناڵی ئەلئەخبارییەی سووریا، ئیگۆر مۆرگۆلۆف یاریدەری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتی: پێشکەوتن لەوبارەوە گرێدراوی ئەوەیە کە واشنگتۆن و پیونگ یانگ، ئەنجامی دانیشتنی سەرانی دوو کۆریا یەکلابکەنەوە.
یاریدەری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتی: ئەگەر کیم جونگ ئون ڕێبەری کۆریای باکوور و دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بتوانن ئەنجامەکانی دانیشتنی سەرانی دوو کۆریا بچەسپێنن و فورمولێکی قەبووڵکراو لەلایەن دوولایەنەوە بۆ لەبەین بردنی نیگەرانییە دوو قۆڵییەکان بخەنەڕوو، ئەو کات پێشکەوتنی زۆر بەدەست دێنن لەمەڕ چارەسەریی گیروگرفتەکانی ئێستای نیمچەدوورگەی کۆریا.
کیم جونگ ئون، ڕێبەری کۆریای باکوور رۆژی ڕابردوو لە ڕووداوێکی مێژوویی لەگەڵ مون جائە ئین سەرۆک کۆماری کۆریای باشوور لە گوندی سنووریی پانمونجۆم دیداری کرد. بڕیارە ڕێبەری کۆریای باکوور و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکاش پێکەوە دیدار بکەن، بەڵام کاتی ئەو چاوپێکەوتنە جارێ نادیارە.