ئێران ھێرشە تیرۆریستیەکەی فەرانسای شەرمەزار کرد
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وێڕای ئیدانەکردنی ھێرشە تیرۆریستیەکەی فەرانسا ڕایگەیاند : با وڵاتانی جیھان نەکەونەژێر کاریگەریی دروشمی تازەی بانگخوازان و برەوپێدەرانی توندئاژۆیی و تیرۆریزمی تەکفیریەوە .
ھێرشبەرێک شەوی یەکشەممە لە مەیدانی پالاس دەلائۆپرای پاریس بە چەقۆ ھێرشی کردەسەر خەڵک کە لە ئەنجام دا یەک کەس کوژراو چەند کەسی دیکەش بریندار بوون. ھێرشبەرەکە بۆ خۆشی کەوتەبەر تەقەی پۆلیسی فەرانساو کوژرا. تاقمی تیرۆریستیی داعش بەرپرسایەتیی ئەو شاڵاوەی گرتووەتە ئەستۆ.
بەھرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە وێڕای ھاودەردی دەربڕین لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییەکانی ئەم ھێرشە تیرۆریستییە لە فەرانسا ڕایگەیاند: قەبووڵ کردنی بەرپرسایەتیی ئەو کارە لە لایەن تاقمی تیرۆریستیی داعشەوە، دەبڕی حەزی بێ بەزەییانە و پاڕاونەبووی ئەم تاقمەیە بۆ ھێشتنەوەی ناوی خۆی و پەلەقاژەی مانەوەی دوای شکست ھێنانە پەیتاپەیتاکانی لە ناوچەکەدا، ئەویش بە بایی سەندنی گیانی مرۆڤە بێ تاوانەکان لە ھەر ناوچەیەکی جیھاندا.
بەھرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی: ئەوانەی وا لە دەیەو ساڵانی پێش بەردەوام داھێنەری بنەمای ھزری و سەرچاوەی بارەبووی دراڤی و چەکەمەنیی داعش و تاقمەکانی ھاوچەشنی بوونە ، ھاوتاوان و بەرپرسی تەواوی ئەو کارەساتە مرۆڤیانەن کە لە ھەر سوچ و قوژبنێکی جیھاندا ڕوو دەدەن.