ڕێبەری کۆریای باکوور: ئێمە پێبەند بە چەکداماڵینی ئەتۆمین
ڕێبەری کۆریای باکوور لە دیداریدا لەگەڵ "سێرگەیی لاڤرۆف"ی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کە سەردانی پیونگ یانگی کردووە، باسی پێبەند بوونی خۆی بە چەکداماڵاینی ئەتۆمیی شێوەدوورگەی کۆریای کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی کۆریای باکوور؛"کیم جونگ ئون" Kim Jong-un لە دیداری شەوی هەینیی دا لەگەڵ "سێرگەیی لاڤرۆف" وتی: وێرای هەندێ جم و جۆڵی نابنیاتنەر لە ناوچەکە، پێبەند بوونی پیونگ یانگ بە چەکداماڵینی ئەتۆمیی شێوەدوورگە، هەر وەک ڕابردوو بەهێز ماوەتەوە.
ڕێبەری کۆریای باکوور هیوای خواست کە ناکۆکییەکان لە پرۆسەیەکی هەنگاو بە هەنگاو بەرتەسک ببنەوە و ڕێکارێک بێتە ئاراوە بۆ چارەسەر کرانی کێشە و ناکۆکییەکان لە ڕێگای وتووێژی بنیاتنەرەوە.
"سێرگەیی لاڤرۆف" لە دیداری "کیم جونگ ئون" لە پیونگ یانگ باسی ئامادەیی ڕووسیای کرد بۆ هاوکاری لە ئاراستەی جێبەجێ کرانی ڕێککەوتنەکانی نێوان دوو کۆریا.
"کیم جونگ ئون" هەروەها لەم دیدارەدا وتی: لە کاتێکدا کە پیونگ یانگ بۆ هەوڵ دەدات بۆ ڕاهاتنی لەگەڵ باروودۆخی سیاسی بە سەرنج دانی زاڵێتی خوازیی ئەمریکا، بەڵام هیوادارە هاوکاریی خۆی لەگەڵ مۆسکۆیش بەهێز بکات.
ئەو قسانە لە کاتێکدایە کە "کیم یونه چوول" Kim Yong-chol جێگری ڕێبەری کۆریای باکوور دوێنێ پێنجشەممە لەگەڵ "مایک پۆمپێئۆ"ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە واشینگتۆن بە مەبەستی ئەنجام دانی دوتووێژی بەرایی بۆ دیداری سەرانی دوو وڵات دیداری هەبووە.
بڕیارە سەرانی کۆریای باکوور و ئەمریکا ڕۆژی ١٢ی ژوەن لە سەنگاپوور پێکەوە دیدار بکەن و مەسەلەی چەکداماڵینی ئەتۆمی لە شێوەدوورگەی کۆریا بخەنە بەر باس و لێکدانەوە.