حوزه‌یران 13, 2018 13:06 Asia/Tehran
  • پۆل ڕایان : ئەمریکا نابێ گوشارە ئابوورییەکانی سەر کۆریای باکووری کەم کاتەوە

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا شەوی چوارشەممە لە بەیاننامەیەک دا پێی داگرت، واشێنگتۆن نابێ گوشارە ئابوورییەکانی سەر پیونگ یانگ کەم کاتەوە .

بەپێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی میھر، پۆل ڕایان سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕایگەیاندووە: بە سەرنجدانی ئەوەی کە ئامانجەکانی کۆریای باکووری لە درێژماوەدا دەر دەکەوێت،ئەمریکا دەبێ گوشارە ئابوورییەکانی سەر کۆریای باکووری ھەروا ڕابگرێت.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ھەروەھا پێی لە سەر ئەوەش داگرت کە، واشێنگتۆن نابێ ئەوەی لەبیر بچێتەوە کە لەگەڵ ڕژێمێکی بێ بەزەیی دا بەرەوڕووە گە لە ڕابردوودا واشێنگتۆنی ھەڵخەڵەتاندووە.

ئەم وتانەی پۆل ڕایان لە ھەل و مەرجێکدایە کە داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا و کیم جونگ ئونی ڕێبەری کۆریای باکووری سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێ شەممە بۆ یەکەمجار لە سەنگاپووردا چاویان بە یەکتر کەوت.

دیداری مێژوویی ڕێبەرانی دوو کۆنە دووژمن واژۆی ڕێککەوتننامەیەکی لێ کەوتەوە کە تیای دا ئەمریکا بەڵێنی دەستەبەر کردنی ئاسایشتی بە کۆریای باکووری داوە.

بەگوێرەی ئەم ڕێککەوتننامەیە ، داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا و کیم جونگ ئون ڕێبەری کۆریای باکووری بەڵێنمەند بوون بە دامەزراندنی پەیوەندییەکی تازە بە پێی خواستی جەماوەری ھەردووک وڵات لە ئاراستەی ئاشتی و تەناھی دا.

ئەمریکا و کۆریای باکوور لە ماوەی نزیکەی حەفتا ساڵی ڕابردوودا و پاش شەڕی کۆریا لەنێوان ساڵانی ١٩٥٠ و ١٩٥٣تا ئیستا دوژمنی قەسای قەسی  یەکتر بوونە.

 کۆبوونەوەکەی سەنگاپوور لە نێوان "داناڵد ترەمپ و کیم جونگ ئون"  سەرکردەکانی ئەمریکاو کۆریای باکووری لە کاتێکدا بەڕێوە چووە کە "داناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا خاوەنی کەسایەتییەکی پێشبینی نەکراوو سەرسەرییەو لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا وڵاتەکەی لە چەندین ڕێککەوتن و پەیمانی نێودەوڵەتی بە شێوەی یەک لایەنە  و بە پێچەوانەی یاسا و ڕێساکانی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان کشاوەتەوە کە نموونەی زەق و بەرچاوی وازھێنانی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی نێوان ئێران  و وڵاتانی پێنج کۆ یەک (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، چین، ڕووسیا و ئەڵمان) بوو.

کارناسان و شرۆڤەکارانی پرسە نێودەوڵەتییەکان بڕوایان وایە کە لەبەر کەسایەتیی نائاسایی و سەرسەرییانەی "داناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئەگەری زۆرە لەم دانوستانانەدا هەر شتێک ڕوو بدات و تەنانەت بە کشانەوەی پێشبینی نەکراوی یەکێک لە دوو لایەنەی  کۆبوونەوەکان، دانوستانەکە بەرەوڕووی شکست بێتەوە.

سەرپەیڤ