دیداری باڵوێزانی فەڕانسە، بەریتانیا و ئیتالیاو کارداری ئاڵمان لەگەڵ جابری ئەنساری
باڵوێزانی فەرانسە، بەریتانیاو ئیتالیاو هەروەها کارگێری ئاڵمان(بێ ئامادەبوونی باڵوێز) لەتاران ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ حوسێن جابری ئەنساری یاریدەری باڵای وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی دیدار و لەبارەی ڕەوشی دڵتەزێنی مرۆیی لە یەمەن و هاوکاریی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئوروپایی بۆ چارەسەریی قەیرانی یەمەن ڕاوێژیان کرد.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، جابری ئەنساری لەو چاوپێکەوتنەدا بەئاماژە بە شپرزەتربوونی ڕەوشی مرۆیی بەتایبەت پاش پەلامارەکانی ئەم دواییەی هاوپەیمانیی دەسدرێژکاری سەعوودی بۆسەر حۆدەیدە، پێی داگرت؛ ڕێکاری سەربازی بۆ قەیرانی یەمەن نییەو چارەسەریی ئەو قەیرانە تەنیا لەڕێی وتووێژەوە، ڕێککەوتنی سیاسی و هاوبەشیی لایەنە جۆربەجۆرە یەمەنییەکان مومکین دەبێ.
یاریدەری باڵای وەزیری دەرەوەی ئێران بۆکاروباری سیاسی هیوای خواست؛ وڵاتانی ئوروپایی لەپەیوەندییە تایبەتییەکانیان لەگەڵ عەرەبستانی سەعوودی و هاوپەیمانانی دیکەی ئەو وڵاتە لەشەڕی سەپێندراو بەسەر یەمەن کەڵک وەربگرن، چونکە درێژەی پەلامارە سەربازییەکان هیچ دەسکەوتێکی سیاسی بۆ هێرشبەران نەبووەو ئەوان دەبێ بەچوونەژێرباری ڕاستییەکانی یەمەن، ئامانج و بەرژەوەندییەکانیان لەڕێی سیاسی و لەپێناو ئاشتی پێوشوێن بگرن.
جابری ئەنساری بەڕەخنەگرتن لە درێژەی فرۆشتنی چەکئامێرە سەربازییەکانی وڵاتانی رۆژاوایی بە وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی سەعوودی، وتی: ناکرێ باسی ڕێکاری سیاسی، ئاشتی و مافی مرۆڤ بکرێ بەڵام هاوکات ڕێککەوتنی ملیاردیی لەگەڵ وڵاتانی هاوبەش لەشەڕی دژ بەیەمەنی ئیمزا کرد.
باڵوێزانی ئوروپاییش لەو چاوپێکەوتنەدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لەمەڕ بارودۆخی مرۆیی لە یەمەن، جەختیان کرد لەسەر پێوشوێن گرتنی ڕێکاری سیاسی قەیرانی ئەو وڵاتە.
عەرەبستان بەپاڵپشتیی ئەمریکا، ئیمارات و چەند وڵاتی دیکە لەمارسی٢٠١٥ـەوە دەستی کردووە بە دەسدرێژکاریی سەربازی بۆسەر یەمەن و گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەو وڵاتە.