ته‌مووز 04, 2018 18:43 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی : جیھان و ئەورووپا دەبێ بەرنگاری سەرەڕۆیی و یەک لایەنەخوازییەکانی ئەمریکا ببنەوە

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە دەربڕینی ئەمەی کە ئەمڕۆ چاوەڕوانی ئەوە لە یەکێتیی ئەورووپا دەکرێت کە بە ڕاشکاوییەکی زیاترەوە سەرەڕۆیی و یەک لایەنەخوازییەکانی ئەمریکا ئیدانە بکات، وتیشی: سنوور بەزاندنی حەزو خولیاکانی سەرۆک کۆماری وڵاتێک لە دنیای ئەمڕۆدا جێگای قەبووڵ نییە و تەواوی وڵاتان بۆ پاراستنی سەربەخۆیی و شوناسی خۆیان دەبێ بەرنگاری ئەم ھەنگاوانەی ئەمریکا ببنەوە.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی ھاوبەشی شاندە باڵاکانی ئێران و نەمسا لە ڤییەنا، ڕێککەوتنی ناڤۆکیی (بەرجام)ی بە پەیمانێکی گرینگی نێونەتەوەیی ، چەند قۆڵی و لە ئاراستەی پەرە پێدانی متمانەی جیھانی و ھەڵگیرانی بایکۆتەکان و گەشە پێدانی پەیوەندیی ئابووریی ئێران لەگەڵ جیھاندا زانی و وێڕای شەرمەزار کردنی ئەو ھەنگاوەی ئەمریکا لەمەر داسەپاندنی بیرێکی بەرتەسک و یەک لایەنەخوازانەو کشانەوەی یەک لایەنەی لەو پەیمانە، وتیشی: گەلی ئێران بەرنگاری ھەنگاوە نایاساییەکانی ئەمریکا دەبێتەوە و ناھێڵێ سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە شوێن لە سەر پەیوەندییەکانی تاران لە گەڵ جیھان دا دابنێت.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی  ھەروەھا وێڕای ئاماژە کردن بە ئامادە بوونی کارای ئێران لە مەڕ خەباتی دژی تاقمی تیرۆریستی داعش لە عێراق و سووریا لە سەر داوای دەوڵەتە یاساییەکانی ئەو وڵاتە، جەختی کرد: تیرۆریزم مەترسییەکی گەورە بۆ ناوچەکەو جیھان دێتە ئەژمارو ھەوڵی ئێران لەمەڕ خەباتی دژی تیرۆریزم سەقام چێکەر، ئاسایشت ھێن و بە قازانجی ناوچەکەو جیھان بووە.

ئلێکساندێر ڤان دێربێلن  Alexander Van der Bellen سەرۆک کۆماری نەمساش لەم دانیشتنەدا وێڕای ئاماژە کردن بۆ جێ و شوێنی تایبەتی ئێرانییەکانی دانیشتووی نەمساو ڕاگەیاندنی پشتگریی لێبڕاوانەی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی و ڕاپەڕێندرانی بەڵێنی تەواوی لایەنەکانی ، وتیشی : بایکۆتەکانی سنوور بەزێنانەی ئەم دواییە ئەمریکا بە پێچەوانەی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکانە و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دێتە ئەژمار و دیارە کۆمپانیاکانی نەمساش قەت لەگەڵی دا نین.

سەرپەیڤ